لێدوانێكی نوێ لە پارتییەوە سەبارەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی


وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، وەك پارتی بەرنامەیان ئەوەیە لەگەڵ حیزبەكان بە گشتی لاپەڕەیەكی نوێ هەَلبدەنەوە.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لاپەڕەیەكی نوێ بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بە گشتی دەكەینەوە و هەوڵ دەدەین ئەو هاوبەشانەی كە هەمانە لەگەڵ لایەنەكان جەختی زیاتری لەسەر بكەینەوە، دروستە ئێمە لەگەڵ ئەو حیزبانە بە هەندێك جیاوازییەوە كێبڕكێ دەكەین، ئەو جیاوازییەش هەر دەبێت، بەڵام هاوبەشیشمان زۆرە و دەبێت جەخت لەوانە بكەینەوە، ئەوەش ئەوانەن كە لەبەرژوەندیی هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستانن، بۆیە بە بڕیاری كۆنگرە و بڕیاری جەنابی سەرۆك لاپەڕەیەكی نوێ دەكەینەوە، هیوادارین ئەو لاپەڕەیەی ئێمە ببێتە هۆكارێك بۆ كردنەوەی دەرگەی زیاتری لێكنزیكبوونەوە و چارەسەركردنی گرفتەكان."
 
وتەبێژی پارتی جەختی لەوەكردەوە، ئەوانەی لە پارتیدا پۆستی حیزبی وەردەگرن دەبێت دەستبەرداری پۆستی حكومی و پەرلەمانی بن و كەسی دیكە بخرێتە جێگەیان، بۆ ئەوەش هەنگاوی پێویست نراوە.
 
لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، وتەبێژی پارتی باسی لەوە كرد: "پێشتر ئێمە دەستپێشخەریمان كرد و هەوڵمان داوە دەرگەی گفتوگۆمان واڵابێت بۆئەوەی گفتوگۆ بكەین و ئەگەر كێشەیەك هەبێت لە رێگەی راگەیاندنەوە چارسەری نەكەین، بەڵكو لە رێگەی دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەری بكەین، چەند كۆبوونەوە زیاد بكەین، كێشە دروست نابێت ئەوەندەی كە گرفت دەبێت قسەیەكی زبر لە راگەیاندن بكەین و دووبەرەكی دروست ببێت، بۆیە ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكەین."



PM:05:52:24/11/2022