راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە دوکان بڵاوکرایەوە

لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم جەخت لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان کرایەوە و داوا دەکەن ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت.   

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە،‏ جەخت لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان کرایەوە و بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت.

‏‎هەروەها لە کۆبونەوەكەدا پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیری ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و بەگژداچونەوەی گەندەڵی، روبەڕوبونەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی راستەقینە کردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

راگەیەندراوی رۆژنامەوانی

‏‎ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٢ لەسەر بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھاوینەھەواری دوکان لە ماڵی مام، کۆبونەوەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیالۆگی نیشتمانی بە ئامانجی یەکڕیزی و چارەسەری کێشەکان لە عیراق و ھەرێم بەڕێوەچو.

‏‎تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکەی ھاوینەھەواری دوکان گفتوگۆکردن بو لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عیراق و ناوچەکە.

‏‎کۆبونەوەکە جەختی لە توندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە کوردییەکان کردەوە و بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت. ھەروەک ھاوڕابون لەسەر زەمینەخۆشکردن بۆ فراوانکردن و بەردەوامی کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و یەکخستنی ھێز و تواناکان دور لە تێڕوانینی حزبی بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی روبەڕوی واقیعی ھەرێم و عیراق بوەتەوە، ئەم ئامانجەش لەپێناو زاڵبون بەسەر تەحەددییەکاندا.

‏‎لە بەشێکی تری کۆبونەوەی ھاوینەھەواری دوکان، كۆی لایەنەکان جەختیانکردەوە لە بەردەوامی دیالۆگی لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە پرۆژەیەکی ھاوبەشی کوردستانیی یەکڕیزی نیشتمانی.

‏‎كۆبونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر خراپی و نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵک كرد و رونکرایەوە، ژیان و دۆخی خەڵک گەیشتوەتە ئەو ئاستەی ھەمو لایەنە سیاسییەکان ھەنگاوبنێن و ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی ژیانی ھاوڵاتییان و ھەرێمی کوردستان لەروی ئابوری، سیاسی و ئەمنییەوە. کار بکرێت بۆ دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵا لە ھەرێم بە بەشداری ھەمو لایەنەکان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە. ئەم ھەنگاوەش بە فاکتەری پاراستنی یەکڕیزی، پارێزگاریکردن لە ئەزمونی ھەرێم، بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک، بەھێزکردن و پارێزگاریکردن لە قەوارەی ھەرێم لە قەڵەمدرا.

‏‎کۆبونەوەكە پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری و بەگژداچونەوەی گەندەڵی، روبەڕوبونەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی راستەقینە کردەوە.

‏‎بڕیاریشدرا ئەم کۆبونەوانە لەپێناو تەبایی، یەکھەڵوێستی و یەکڕیزیی کوردستانی بەردەوامی ھەبێت.


PM:07:13:24/11/2022