پارێزگاری هەولێر پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی ڕاگەیاند

پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێکی لافاو و بارانبارینی بەخوڕ ڕاگەیاند. 

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئامادەکارییەکی بەرفراوان کراوە بۆ بارانبارین و بارانبارینی بەخوڕ کە پێشبینی دەکرێت لە شاری هەولێر و دەوروبەری ڕووبدات، لە ڕێگەی پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن کە لیژنە پەیوەندیدارەکانی لە خۆگرتووە". 

وتیشی" تا ئێستا زیاتر لە (١٥٥)کم ڕێگا ئاوییەکان پاک کراوەتەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئاوەڕۆی ئاوی باران، جگە لە دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئاوی بە درێژایی (٢٠) کم، بۆ ئەوەی لە زستانی ئەمساڵدا لافاوێکی چاوەڕوانکراو ڕوونەدات". 

ئومێد خۆشناو داواشی لە هاوڵاتییان كرد، ئەگەر لە هەر شوێنێک لافاو ڕوویدا نەبنە هۆكار رێگە لە تیمەكانمان بگرن و ببنە ئاستەنگ بۆیان، هەروەها لە "هەر شوێنیكیش لافاو ڕوویدا سەرەتا كارەبا بكوژێننەوە و بچنە شوێنی بەرز". 

پارێزگاری هەولێر لە مانگی ئابی ئەمساڵ ڕایگەیاند، بڕی (١١) ملیار دیناری تەرخانکراوە بۆ گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکار بۆ ڕێگریکردن لە لافاو لە شارەکە لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا. 

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لافاوێکی بەخوڕ ناوچە جیاجیاکانی شاری هەولێری گرتەوە کە بەهۆیەوە (١٠) کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بەهۆی هەورە بروسکەوە گیانیان لەدەستدا، ئەمە جگە لەوەی زیانێکی زۆری مادیشی لێکەوتەوە. 


PM:07:54:24/11/2022