هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران رەوانەی سنوری هەرێمی کوردستان دەکرێت

فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهێزکردنی هێزە تایبەتەکان و یەکە زرێپۆشەکانی ئەم هێزەی ڕاگەیاند و دەڵێت" بەردەوام دەبین لە رووبەڕووبوونەوەی هێزە جووداخوازەکان". 

محەمەد پاکپوور فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ بڵاوەپێکردنی یەکە زرێپۆشەکان و هێزی تایبەتی لە ناوچە سنورییەکانی ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوای وڵات ڕاگەیاند و وتی" دوای جوڵەی گرووپەكانى دژ به‌ ئێران لە باکوری رۆژئاوای وڵات و دروستکردنی پشێوی و نەبوونی ئاسایش لە ژمارەیەک لە ناوچەکان، هێزەکانی زەمینى سوپای پاسداران هەستا بە زیادکردنی هێزەکانی لەسەر سنووری پارێزگاکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێران".

فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکردووە" ئامانجی ئەم کارەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران بۆ بەهێزکردنی ئەو یەکانەیە کە لەسەر سنور جێگیرکراون بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی تیمەکە هێرشە تیرۆریستییەکانی پەیوەست بە گروپە جوداخوازەکان کە دەکەونە ناوچەی باکوری عێراق، هەروەها ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی چەک بۆ ناو وڵات". 


PM:02:07:25/11/2022