لاهور جەنگی لە ساڵیادی کوژرانی موراد کانی کوردەیی پەیامێکی بڵاوکردەوە

کەمێک پێش ئێستا لاهور جەنگی لە ساڵیادی کوژرانی موراد کانی کوردەیی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" دەستیان دەچێتە خوێنی ئەم هەموو شێرەكوڕەی خۆیان، بەڵام لە بەرامبەر دوژمن زەردهەڵگەڕاو و لەسەر ئەژنۆن". 

دەقی پەیامەکەی لاهور جەنگی:

ساڵێک بەر لە ئێستا و لە ئێوارەیەکی شوومدا، کارەساتێکی قێزەون دڵی هەموومانی کون کون کرد، عەقید موراد و هاوڕێکانی بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان ئەنجامدابێت بە دەستێکی نامەردانە و ترسنۆکانە خەڵتانی خوێنکران، عەقید موراد و هاوڕێکانی کەم ژیان بەڵام کەڵ ژیان، ئەوان تەنیا لەبەر ئەوەی داکۆکیان لە بیر و باوەڕەکەیان دەکرد و دڵسۆزبوون بۆ یەکێتی خوێنی شەهیدان و یەکێتیی ڕاستەقینە کرانە ئامانج، سەرەڕای هەموو جۆرە فشارێک کە دەکرایە سەریان، بەڵام چۆکیان دانەدا و بە پێوە ڕاوەستان بە سەرێکی زۆر زۆر بەرزەوە سنگیان کردە قەڵغان بۆ ئەو بیر و باوەڕەی کە هەیانبوو، ساڵێک دوای شەهیدبوونیان ئەوانەی کە دەستیان هەبوو لە تیرۆرکردنیان بە بێباکی و بە لوتبەرزییەوە بە بەرچاوی هەموان دەسوڕێنەوە و بەردەوامن لە ترس و تۆقاندن و بە تاڵانبردنی سەرمایە و هەڕاجکردنی ئەم خاکە، بارودۆخێکیان دروستکردووە کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی فاشیستیش وێنەی نەبووە، بێئاگان لەوەی کە کەوتوونەتە بەر نەفرەتی میللەت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باریان لە لێژی و هەنگاو بەرەو ڕیسوابوونی یەکجارەکی دەبەن، سەد مەخابن کە دەستیان دەچێتە خوێنی ئەم هەموو شێرەکوڕەی خۆیان، بەڵام لە بەرامبەر دوژمن زەردهەڵگەڕاو و لەسەر ئەژنۆن.

ئێستا کە ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو کردەوە تیرۆریستییەدا، هێشتا تاوانباران دەستگیرنەکراون، ئێمە و کەسوکارەکانیان بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت دانمان بەخۆماندا گرتووە و هیچ کاردانەوەیەکمان نەبووە، داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەکەین لە هەرێمی کوردستان کە ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەم دۆسیەیە و تاوانبارانی ڕاستەقینەی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئاشکرا بکەن بۆ ڕایگشتی و راپێچی بەردەم دادگا بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.  

ڕۆحی پاکتان شاد بێت کاکە موراد و کاکە خۆشناو وەیسی و کاکە سەرکار فاخیر و کاکە هاوکار نازم. 


PM:02:24:25/11/2022