لێدوانی پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە دروستبوونی لافاو


پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێـ، كاركردنی تیمەكان لە شاری هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو و نەهێشتنی مەترسییەكان لەسەر گیانی هاووڵاتیان بەردەوامە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمشەو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرجەم تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی بەردەوامن لە هاوكاریكردنی هاوڵاتیان و لابردنی مەترسییەكانی لافاو لەسەر گیانی هاوڵاتیان.

ناوبراو روونیكردەوە، سەرجەم تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەیوەندیدارەكان بەهاوكاری زێڕەڤانی و دەزگای خێرخوازی بارزانی لە چەندین شوێنی شاری هەولێر كە بەهۆی كۆبوونەوەی ئاو، ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستبوو، بەزووترین كات گەیشتوونەتە شوێنەكە و رێگەكانیان كردووەتەوە.

هەروەها وتی "بەهۆی ئامادەكارییە پێشوەختەكانی تیمەكان لە دروستكردنی رێڕەوی ئاوی باران و پاككردنەوەی رێڕەوە ئاوییە سرووشتییەكان و ئاوەڕۆكان، توانیویانە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتییان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، بڕەوێننەوە".



PM:10:10:25/11/2022