بریندارێکی دیکەی تەقینەوەکەی دهۆک گیانی لەدەستدا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە یەکێک لە بریندارەکانی تەقینەوەکەی دهۆک گیانی لەدەستدا.

عەبدوڵا ئیحسان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک رایگەیاند" بەیانی ئەمڕۆ یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی رووداوەی تەقینەوەکەی دهۆک بە ناوی (محەمەد مەحمود) گیانی لەدەستدا".

بەمەش بەهۆی رووداوی تەقینەوەی غازی بەشە ناوخۆییەکەی دهۆکەوە، ژمارەی قوربانیان بەرزبووەوە بۆ حەوت کەس. 

شەوی دووشەممەی ڕابردوو رووداوی تەقینەوەی غاز لە بەشە ناوخۆییەکی کوڕان لە دهۆک روویدا، بەوهۆیەشەوە تا ئێستا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣١ کەسی دیکەش بریندار بوون. 

ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگەش لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی سیسته‌می غازی ماڵێك تەقییەوە، لە ئاکامدا ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢ کەسی دیکەش برینداربوون.


AM:08:57:26/11/2022