خانمە هونەرمەندێک بە بڕێک ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیردەکرێت

فەرمانگەی داواکاری گشتی لە میسر لەبارەی پرسی دەستگیرکردنی خانمە ئەکتەر مونا شەلەبی بە هەڵگرتنی کەرەستەیەک کە گومرگی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قاهیرە بە "ماددەی هۆشبەر" وەسفی کردووە، بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە.

داواکاری گشتی لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" مونا شەلەبی لە کاتی گەڕانەوەی لە وڵاتی ئەمەریکاوە بۆ میسر لە ناو فڕۆکەخانەی قاهیرە دەستگیرکراوە، لەبەر ئەوەی لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە کە بڕێک ماددەی هۆشبەری پێ بووە". 

لە بەیاننامەکەی داواکاری گشتی میسر ئەوەش هاتووە" ڕاپۆرتێک لە ئیدارەی گشتی بۆ کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکانەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانی ئەو ڕووداوە، کە تێیدا دەرکەوتووە کە تۆمەتبار بە مەبەستی بەکارهێنانی ئەو ماددانەی بەدەستهێناوە". 

مونا شەلەبی لە ٢٤ی تەموزی ١٩٨٢ لە دایکبووە، خانمە ئەکتەرێکی میسرییە، لە ساڵی ٢٠٠١ دەستی بە کاری هونەری کردووە، کە بەشداری لە چەندین فیلمدا کردووە. 


AM:09:48:26/11/2022