لەسەر دۆخی رۆژنامەگەریی لە سلێمانی، نەقیبی سەندیكا وەڵامی توندی سەندیكا دەداتەوە


لەسەر دۆخی رۆژنامەنووسان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، سەندیكای رۆژنامەنوسان بوون بە دوو بەشەوە، لیژنەی داكۆكیكردن دۆخەكە بە "مەترسیدار" لە قەڵەم دەدات، جێگری نەقیبی سەندیكاش ئەو قسەیە رەتدەكاتەوە.

بژار حەكیم، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان لە پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاندووە "ئەمڕۆ لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان، كە ئەم لیژنەیە سەر بە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، لەسەر پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوی هەبووە، جگە لەوەی ئەم بەیاننامەیە زۆر بەپەلە نووسراوە، هەروەها زمانی دەربڕینی بەیاننامەكە لەسەر ئاسایشی سلێمانی زمانێكی تووندو تۆمەتبەخشە".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "ئێمە لە سەندیكای رۆژنامەنووسان بە ئەركی خۆمان دەزانین بێجیاوازی داكۆكی لە رۆژنامەنووسان بكەین، بەڵام زمانی نووسینی بەیاننامەكەی ئەمڕۆی لیژنەی داكۆكی، زمانێكە پڕیەتی لە رق و دووبەرەكی و زەقكردنەوەی كاری حیزبی لەنێو سەندیكا".

هەروەها وتویەتی "ئەم بەیاننامەیەی لیژنەی داكۆكی لەسەر پارێزگای سلێمانی لە كاتێكدایە، كە لە هەولێر و دهۆك چەندین پێشێلكاری زەق و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان بوونی هەیەو باس ناكرێت".


بژار حەكیم دەڵێت "بەداخەوە ئەم بەیاننامەیە بە مەبەست و ئامانجێكی سیاسی لەسەر سلێمانی بڵاوكراوەتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك زمان و بۆچوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكا نییەو ئەم جۆرە شێوازی نووسین و بەیاننامەیە رەتدەكەینەوە".

لەسەر دەستگیركردنی ژمارەیەك رۆژنامەنووس، پێشتر بڵاویكردەوە "ئەگەر دۆخی ڕۆژنامەنوسان لە پارێزگای سلێمانی بەم جۆرە بڕوات "ناچارین رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەنوسی ئاگادار بكەینەوە، ژمارەیەك سكاڵاو پەیوەندی رۆژنامەنوسانی پارێزگای سلێمانی ئاراستەی لیژنەی داكۆكی كراوە لەلایەن رۆژنامەنوسانی پارێزگای سلێمانی، كە هەست بە مەترسی بۆ سەر ژیان و كەسایەتیان دەكەن."  




PM:03:51:26/11/2022