وادەی هاتنی شەپۆلێکی تری بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم ڕاگەیەندرا

شارەزایەکی بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا مژدەی هاتنی شەپۆلێکی نوێی بارانبارین بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەدات.  

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوا ئەوەی شەپۆلێکی بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەرێژەیەکی پێویست و باش باران لە زۆربەی ناوچەکاندا باری، لە کاتەکانی ئێستادا نزمەپاڵەپەستۆیەکی نوێ لەسەر رۆژئاوای دەریای ناوەراست دروستبووە کە پێشبینی دەکرێت لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە کاریگەریەکانی بگاتە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و شەپۆلێکی مامناوەند بۆ باشی بارانبارین دەسپێبکاتەوە".  

ئەوەشی خستەڕوو، سەرەتا لە سنوری پارێزگای دھۆک و ڕۆژئاوای ھەرێمەوە دەستپێدەکات و لە رۆژی چوارشەممە کاریگەری بۆ سەرجەم ناوچەکان بەرێژەی جیاواز درێژ دەبێتەوە و تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەمە بەردەوامی دەبێت. 

دەشڵێت" زۆرترین کاریگەری بۆ سەر سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر و بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان دەبێت و بەڕێژەیەکی مامناوەند بۆ سنوری ئیدارەی راپەرین و ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە کاریگەری دەبێت و کاریگەری کەمتر ئەبێت لەسەر ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان". 


PM:02:55:27/11/2022