دوو حیزبی رۆژهەڵات یەكگرتنەوەیان راگەیاند


هەردوو باڵی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران یەكگرتنەوەیان راگەیاند.  

هەردوو باڵەكە لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا رایانگەیاندووە "لەمڕۆ بەولاوە وەك یەك حیزب و لە ژێر ناوی پێشوو و مێژوویی كۆمەڵە (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) دا كار و چالاكی دەكەین".   

 
دەقی راگەیەنراوەكە:  


راگەیاندنی  یەكگرتنەوەی دوو لایەنی كۆمەڵە  

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان!  

بنەماڵەی ئازیزی گیانبەختكردوانی كۆمەڵە!  

هۆگران، دۆستان و دڵسۆزانی كۆمەڵە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان!  

خەڵكی تێكۆشەر و ڕاپەڕیوی ئێران!  

حیزب و رێكخراوە و كەسایەتیە ئازادیخوازەكان!  


بەمجۆرە ڕایدەگەیەنین دوو باڵی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كە لە كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی لێك دابڕابووین، دوای ساڵ و نیوێك دیالۆگی هاوڕێیانە و چڕوپڕی نێوانمان لە ئاستی جۆراوجۆری حیزبیدا، رۆژی شەممە رێكەوتی ١٩ی نۆڤامبری ٢٠٢٢ی زایینی پڕۆسەی یەكگرتنەوەمان گەیاندە ئەنجام. لەمڕۆ بەولاوە وەك یەك حیزب و لە ژێر ناوی پێشوو و مێژوویی كۆمەڵە (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران) دا كار و چالاكی دەكەین.   

   هەموومان دەزانین كە جیایی زیانی پێگەیاندین و خەسارەكانی دەناسین. بە خۆشییەوە جیاوازیی سیاسی و ڕوانگە، هۆكاری سەرەكی دابڕانەكە نەبوو، دابڕان لە خەت وگوتاری سیاسی كۆمەڵە قەت نەبوو بە كەلێن لە نێوانماندا و لەو بارەوە لێك دانەبڕاین. بۆیەشە پرسی یەكگرتنەوەی ئەو دوو لایەنە وەك ئەركێكی هەرە گرینگی سەرشانمان و ئاواتی ڕەوتی بەرینی كۆمەڵە و هۆگرانی ئازادی و ڕزگاری، هەمیشە بە زیندوویی مایەوە.  

   سەرفرازین لێرەوە بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختكردوان، كادر و پێشمەرگەكان، تێكۆشەرانی نهێنی شار و دێ، زیندانیانی سیاسی، كەم ئەندامانی سەنگەر، هاوڕێیانی دێرین، دۆستان و دڵسۆزانی كۆمەڵە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان دڵنیا بكەینەوە كە كۆمەڵەكەیان یەكگرتووتر و بە گوڕ و تەوژمێكی نوێوە بۆ ئامانجە بەرزەكانی كۆمەڵە تێدەكۆشێ. پێویستە بڵێین هەموو ئەوانەی لەو ڕەوتەدا كار و چالاكییان كردووە، ڕەنجیان كێشاوە و خەساریان بینیوە، چ ئەوڕۆ لە كار و چالاكی ڕێكخراوەییدا ببن یا نەبن، ڕێزیان لێدەگیرێ و بە پاڵپشت و هاوڕێ ئەژمار دەكرێن و دەستی هاوخەباتی و هاوڕێیەتییان بۆ درێژ دەكەین.  

  كیژان و كوڕان، نەوەی نوێ و پێشكەوتنخوازی كوردستان!  

 كۆمەڵە ئێوە بە كۆڵەكەی قایم و بناوانی خۆی دەناسێ و پشت ئەستورە بە كۆڵنەدان و خۆڕاگریتان، بە یەكگرتنەوەمان مەیدانێكی بەرینتر بۆ وەگەڕخستنی توانا و لێهاتوویی دەكەینەوە و ئێوە دەتوانن ڕۆلی گەورەی تێدا بگێڕن و تینێكی زۆرتر بدەن بە خەباتمان. كۆمەڵە ئاڵا هەڵگری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و ڕەوتی نوێگەرا و پێشكەوتنخواز بووە و دەبێ، هەڵگری مەشخەڵی شۆڕشگێڕانە دەبێ و خۆی لەگەڵ نەوەی نوێ و خەون و هیواكانی دواڕۆژیان بۆ كوردستان، نوێ و یەكگرتوو دەكاتەوە.   


   ئێمە خەباتكار و هەوێنی پاراستنی یەكریزی و یەكگرتوویی نیشتمانیی خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات، تا پێكهێنانی بەرەیەكی نەتەوەیی هاوبەش لەگەل دیكەی حیزب و لایەنەكان دەبین. ئەزموونی كاری هاوبەشمان لە ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران پاڵنەرمان بووە و دەبێ بۆ پتەو كردنی ناوەند وەك چەترێكی گشتگیر.  تێدەكۆشین بە یەكگرتوویی نیشتمانیی بەرین لە كوردستاندا سەرنجی بیروڕای گشتی گەلانی ئێران و جیهان بۆ دۆزی كورد ڕابكێشین. بزوتنەوەی كوردستان دژ بە تیرۆر و زۆرداری، دژ بە سیاسەتی سەركوتكاری و ئاژاوەگێڕانەی كۆماری ئیسلامییە و خوازیاری پلۆڕالیسم، دێمۆكراسی و پێكەوە ژیانی سەردەمیانەی گەلانی ئێرانە. ئەو دەرفەتە مێژووییەی بۆ خەباتی خەڵكی كوردستانی ئێران خوڵقاوە بە هەموو توانی خۆمان كەڵكی لێوەردەگرین بۆ ڕزگاری و بەختەوەری زۆرتری گەلی كوردستان  

  لە هەلومەرجی هەستیار و ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئەوڕۆی  كوردستان و ئێراندا.  

 كۆمەڵە خوازیاری پێوەندیی پتەوە لەگەڵ هەموو ڕەوتی دێمۆكرات و پێشكەوتنخواز و هەموو ئۆپۆزیسیۆنی سێكۆلاری ئێران. ئێمە هاوكات لەگەڵ دیفاع لە بەرژەوەندیی باڵا و داخوازیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و پتەوكردنی یەكێتی ئەوڕۆی حیزبە سیاسییەكان، پێمانوایە كوردستان دەتوانێ و بۆی هەیە دەوری كاریگەری هەبێ لە داڕشتنەوەی قەوارەی سیاسی ئێرانی دوای كۆماری ئیسلامی، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و شۆڕشی ژینا(مەهسا) دەریخست بزووتنەوەی كوردستان پێشەنگی یەكسانیی ڕەگەزی، دێمۆكراسی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سێكۆلاریسم و ئازادی سیاسییە. كۆمەڵە خۆی بە بەختەوەر دەزانێ كە لە دەیان ساڵ خەباتی سەربەرزانەیدا بۆ پێكهاتنی ئەو بەستێنە كۆمەڵایەتی و پێشەنگایەتییەی ئەوڕۆی كوردستان، دەوری چالاكی هەبووە. بۆیە ئەو پێشەنگایەتی و ئەو رێبازە كە خۆی لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دا دەبینێتەوە، وەك گلێنەی چاو دەپارێزین.  
 

یەكگرتنەوە دەكەینە دەرفەتێك بۆ زۆرتر كردنی دۆزی خەباتكارانە لە ناو كۆمەڵەدا. دڵنیاین تێكۆشەران و كادر و ئەندامانی كۆمەڵە لە جەرگەی خەباتی مەدەنی و ڕێكخستنی نهێنی، لە ریزی پێشمەرگایەتی و هێزی نیزامی، لە تێكۆشانی دیاسپۆڕا و تاراوگە دا، پارێزەری بە ئەزمون و چاونەترسی ڕێبازی كۆڵنەدان تا سەركەوتن دەبن و بە لێوەشاوەیی ئەركە قورسەكانی سەر ڕێیان ڕادەپەڕێنن و وەڵامی شیاوی كۆمەڵە بە بانگەوازی "گەل چاوەڕێی هیمەتی ئێوەیە” دەدەنەوە.   

  پێویستە سپاسی هەوڵ و تێكۆشانی ئەندامانی كومیتەی ناوەندی، كادرەكان، ئەندامان، پێشمەرگە و دۆستانێك بكەین كە لە پڕۆسەی یەكگرتن دا ماندوو بوون و بەرپرسانە ئەركەكانیان ڕاپەڕاند و بە زەحمەت و بەشداریی چالاكانە بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە لە هەموو بوارەكاندا هاندەر و هاوكار بوون.     




PM:11:01:27/11/2022