تەندروستی روونكردنەوە لەسەر دامەزراندن دەدات



بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، مەبەست لە دامەزراندنی ٥٠٠ كارمەندی سەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەبەست تەنیا لەو كارمەندە تەندروستییانەیە كە  گرێبەستیان وەستێندراوە و لە هەوڵدان گرێبەستیان بۆ تازە بكەنەوە.

د.رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە "دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەو كارمەندە تەندروستییانە كردووە كە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە گرێبەستاكانیان راگیراوە بەو پێیەی ئەو كارمەندانە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریان كردووە و لە ئێستادا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە نەماوە یاخود كەمی كردووە".

د.رەهێڵ ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو ٥٠٠ كارمەندەی ناوی دامەزراندنیان  هێنراوە مەبەست تەنیا لەم كارمەندە تەندروستییانەیە كە ئاماژەی پێكراوە و گرێبەستیان وەستێندراوە، هەر بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی دوای هەوڵی بەردەوامی و جەختكردنەوە لەسەر پێویستی ئەو كارمەندانە و لەبەرامبەردا ئەنجومەنی وەزیران داوای روونكردنەوەی زیاتری كردووە لەسەر ئەم بابەتە".


ناوبراو وتویەتی "لەلایەن وەزارەتمانەوە وەڵامی پێویستی ئەنجومەنی وەزیران دراوەتەوە كە راستە ئەم كارمەندانە لە كاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەنتەر و ناوەندە تەندروستییەكانی تایبەت بە كۆرۆنا كاریان كردووە وە رۆلێكی گەورەیان هەبووە لە خزمەتكردنی تەندروستی هاوڵاتیان لەگەڵ ئەوەشدا دوای كەمبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوام بوونە لە سەر ئەركەكانیان بەتایبەتی لە شوێنە هەستیارەكانی وەكو چاودێری چڕ و خودەجی منداڵان".

هەروەها دەڵێت "بریكاری وەزارەت جەخت دەكاتەوە كە وەزارەتی تەندروستی هەوڵەكانی چڕ كردۆتەوە بە ئامانجی تازە كردنەوەی گرێبەستەكانیان بەشێوەی ساڵانە و گەرانەوەیان بۆ سەر كارەكانیان".



PM:11:26:27/11/2022