خلوسی ئاکار سەردانی سەربازەکانی لە سنوری هەرێم دەکات


وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار بە یاوەری فەرماندە باڵاکانی سوپا یەکە سەربازییەکانی سوپای لەسەر سنووری هەرێمی کوردستانی عێراق بەسەر کردەوە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، دوای ئەوەی بە درێژایی شەوی رابردوو، خولوسی ئاکار لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی هێزە وشکانییەکان مایەوە، بەیانیی ئەمڕۆ بەرەو یەکە سەربازییەکانی سەر سنووری هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێکەوت.

هەریەک لە سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا، یەشار گولەر؛ فەرماندەی هێزە وشکانییەکان، موسا ئاڤسەڤەر؛ فەرماندەی هێزە دەریاییەکان، ئەرزومەنت تاتڵیئۆغڵو و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکان ئەتیللا گولان یاوەری وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار بوون و لە فڕۆکەخانەی سەڵاحەددینی ئەییوبی/یوکسەکۆڤا-هەکاری نیشتنەوە، دواتر چوونە فەرماندەیی لیوای سێی پیادە.

خولوسی ئاکار و شاندی یاوەری یەکەکانی سەرسنووریان بەسەر کردووەتەوە و بەردەوامن لە وەرگرتنی زانیاری لەبارەی چالاکییەکانی سوپای تورکیا لەو یەکە سەربازییانەی سەر سنوور.

ئەو سەردانە لە کاتێکدایە ماوەی هەفتەیەکە گەریڵاکانی پەکەکە لە ناوچەی زاب لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و تەمومژ هێرشەکانیان بۆ سەر سوپای تورکیا توندکردۆتەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە چەندان سەربازی ئەو وڵاتە کوژرابن. 



PM:02:40:28/11/2022