" باران دەستپێدەکات و بۆ رۆژی دوایی بە لێزمە دەبێت "


پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات سبەی سێ شەممە شەممە نەرمە باران دەستپێدەکات و چوار شەممە بە لێزمە لە هەموو کوردستان دەبارێت.

ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، سبەی سێشەمە ٢٩-١١-٢٠٢٢ لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەکە و لەگەڵیدا ھاتنی بارستەیەک ھەوای شێدار و گەرمی دەریای سوور ئاسمانی ھەرێم بە زۆری لەکاتەکانی رۆژدا دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و لەکاتەکانی شەودا کەش ناسەقامگیر ئەبێت و بارانبارین بەشێوەیەکی پچر پچر سەرەتا لە ناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و پاشان سنوری پارێزگای ھەولێر دەستپێدەکات لەگەڵ زیادبوونی خێرای با لە ئاراستەی باکوری رۆژھەڵاتەوە لەنێوان ٢٠ تا ٤٠ کم/س ، پلەکانی گەرماش بەرێژەی ٢ پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە".

هەروەها ئەو کەشناسە دەشڵێت " کاریگەری ئەم ناسەقامگیریە لەکاتەکانی بەیانی رۆژی چوارشەمەوە ٣٠-١١-٢٠٢٢ زیاتر ئەبێت و سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە بەرێژەی زیاتر سنوری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی بارانبارینی ئەبێت لەگەڵ چالاکبوونی ھەورە تریشقە و لێزمە باران و بارینی تەرزە لەھەندێ کات و ناوچەدا ، بەرێژەیەکی مامناوەند کاریگەری لەسەر ناوچەکانی پارێزگای ھەولێر ، سلێمانی ، ھەڵەبجە ، کەرکوک ، ئیدارەی راپەرین ئەبێت بەشێوەی بارانی مامناوەندی بەردەوام لە ناوچە شاخاویەکاندا و لەناوچە نزمەکانیشدا بارانی پچر پچر کە ئەگەری چالاکبوونی ھەورە تریشقە و تاوە باران و بارینی تەرزە ئەبێت".

ئاراز جەبار ئەوەش دەخاتەڕوو کە کاریگەری لەسەر ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان کەم ئەبێتەوە بۆ بارانێکی کەم لەھەندێ کاتدا ، پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە رۆژی سێشەمە بەرێژەی ٤ تا ٥ پلە نزمدەبنەوە و خێرای با مامناوەند چالاک ئەبێت لە ئاراستەی باشوری رۆژھەڵاتەوە لەنێوان ١٥ تا ٣٠کم/س .

پسپۆرەکە کۆتای شەپۆلەکەش ئاشکرا دەکات کە بەگشتی ئەو شەپۆلە تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەمە ١-١٢-٢٠٢٢ لەسەر ناوچەکە بەلاوازی دەمێنێتەوە.



PM:04:35:28/11/2022