سەبارەت بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا روونكردنەوە دەدرێت


سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوەبەسەرچوو) بۆ بەغدا جەختكردنەوە بووە ەوەی بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بە هیچ جۆرە هەڕەشە و كردەیەوەكی سەربازی لە سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوه بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ نادرێت.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی دوا سەردانەكانیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ  سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵی و لایەنە سیاسییەكان، دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنی و سیاسیی وڵاتیان تاوتوێ كرد و جەختیان لە هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان تەواوی لایەنەكان كردەوە بۆ پشتگیری لە حكومەتی فیدراڵیی نوێی عێراق و سەرخستنی كارنامەكەی".

هەروەها وتویەتی "پێكەوەكاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر – بەغدا لە مادەی (١٤٠)، بودجە و شایستە دارایییەكان، دۆخی شەنگال و كێشەكانی وڵات بەگشتی بە گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی وڵات".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و سەرۆك وەزیران ئەلسوودانی بە تەواوی هاوڕا بوون و دووپاتیان كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بە هیچ جۆرە هەڕەشە و كردەیەوەكی سەربازی لە سنوورەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانەوه بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ نادرێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەك هەمیشە هاوكاری و یارمەتی پێشكەش بە پەنابەران دەكەن، بەڵام ڕێگە بە بوونی گرووپی چەكدار لە هەرێمی كوردستان نادرێت، بۆیە هەولێر و بەغدا بە تەواوی هاریكاری و هەماهەنگی دەكەن و ئاسایشی سنوورەكان دەپارێزن، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێش هاوكار و هەماهەنگ دەبن و ڕێكاری پێویست دەگرنەبەر".

هەروەها وتویەتی "سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دا و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكەش بە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەمێنێتەوە، هەروەها خوازیاری بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیەتی لەسەر بنەمای ڕێزلەیەكگرتن و دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش. هاوكات بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە ناوچەكە، بە پێویستی دەزانین هەموو لایەك پشت بە گفتوگۆ و لێكگەشتن و چارەسەری ئاشتیانە ببەستن، بۆ ئەوەش سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەیە ڕۆڵێكی ئەرێنی و بنیاتنەرانە لەمبارەیەوە بگێڕێت".



PM:07:26:28/11/2022