"دزییەكی دیكەی گەورە لە عێراق ئاشكرابوو"


سەركردەیەك لە هاوپەیمانی فەتح رایدەگەیەنێت، بە بەهای حەوت ملیار بۆ ١١ ملیار دۆلاری دیكە لە عێراق دزراوە، بێ ئەوەی ئەو شوێن و فەرمانگەیە ئاشكرا بكات كە دزیەكەی تێداكراوە.

عائد هیلالی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح بە میدیا ناوخۆییەكانی راگەیاندووە "دزیەكی گەورە ئەنجامدراوە كە بەهاكەی زۆر زیاترە لە دزی سەدە، ئەو بڕە پارەیەی دزراوە لە نێوان حەوت ملیار بۆ ١١ ملیار دۆلارە".

هیلالی روونیكردۆتەوە "دزەكان زۆر لێزانانە دزییەكان دەكەن، چونكە لە فەرمانگەیەكەوە بۆ فەرمانگەیەكی دیكە بڕەكەی جیاوازە و شێوازی دزیكردنەكانیش جۆراوجۆرن، جگە لە گەلی عێراق هیچ كەسێكی دیكە لێی زەرەرمەند نابێت".

پێشتر دزییەكی گەورە لە عێراق ئاشكرابوو كە دوو ملیار و نیو دۆلار لە ئەمیندارییەتی باجەكان دیار نەما ئەوەش بە دزی سەدە ناوبرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لایەن پەیوەندیدارەكان دەست بە لێكۆڵینەوەكانیان بكەن و بە دزی سەدە ناوزەدی بكەن.

دوێنێش، محمەد شیاح سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا ئاشكرای كرد، زیاتر لە ١٨٤ ملیار دینار لە ئوردونەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق كە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ كەسێك بەناوی نور زەوهەیر كە تۆمەتباركراوە بە دزی سەدە و لە رێگەی ١١٤ چەكی بانكییەوە دزەیەكەی كردبوو.



PM:09:54:28/11/2022