ناوەرۆکی کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و وەزیری بەرگری هۆڵەندا بڵاوکرایەوە

ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لەگەڵ وەزیری بەرگری هۆڵەندا کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا پڕۆسەی یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگە و چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ كرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێم، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەگەڵ کایسا ئۆلۆنگریەن، وەزیری بەرگری هۆڵەندا کۆبووەوە، کە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و" هەردوولا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرش و پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان، جەختیان لە پێویستیی رێزگرتن و پاراستنی سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆتاییهاتنی هێرش و دەستدرێژییەکان کردەوە". 
 
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی دوپاتیکردەوە" هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای دراوسێیتی باش و رێز لە یەکدیگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش". 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بەرگری هۆڵەندا رایگەیاندووە" پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێز لە نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان هەیە و بەردەوامبوونی هاریکاری و هاوئاهەنگی ئەمنی و سەربازی و پشتگیریکردنی پێشمەرگە لەلایەن وڵاتەکەی دووپاتکردەوە". 
  
ئەوەش هاتووە" بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی كۆبوونەوەکە بوو". 


PM:01:25:29/11/2022