ئاسایشی سلێمانی: هەوڵێكی گەورەی قاچاخچێتی چەك پووچەڵكرایەوە

ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەدوو ھەڵمەتی جیادا دەستی گرت بەسەر ٦٠٠ پارچە چەك لەجۆری كڵاشینكۆف ، دەمانچە  و زیاتر لە ٦٠٠٠ ھەزار فیشەك، هەروەها هێزەكانیان ھەوڵێكی قاچاخچێتی گەورەی چەكیان لە سنوری سلێمانی ئاشكرا كردووە كە ویستویانە بە نایاسایی ساغی بكەنەوە .

ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "رۆژی پێنج شەممە لە بازگەی سلێمانی - عەربەت گومانلێكراوێك لەكاتی لێپێچینەوەو جێبەجێكردنی رێكاری یاسایی بەرامبەری، خاڵی پشكنین دەبەزێنێت و دوای ئەوەی ھەڵدێت ئۆتۆمبێلەكەی لە رێڕەو دەردەچێت وەردەگەڕێت دواتر دەستگیركراو دوای پشكنین دەركەوت لەناو ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەكە  بارێكی چەكی پێبووە كە پێكھاتبوو لە زیاتر ( ٢٥٠ ) دووسەدوپەنجا دەمانچە".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "دوای رەزامەندی دادوەر لەسەر ئەم كەیسە لێكۆڵینەوەی ورد دەستی پێكرد و زانیاری زیاتر بەدەست ھات لەسەر كۆگایەكی نھێنی كە سەدان چەك و ھەزاران فیشەك و پێویستی و پارچەی یەدەكی چەكی تێدا حەشاردراوە".

ئاسایشی سلێمانی روونیكردۆتەوە "لە ئۆپراسیۆنێكدا بەھاوكاری ھێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە ناحیەی تەكێ سەر بەقەزای چەمچەماڵ لە كێڵگەیەكی ئاژەڵداریدا  ( كایەندا )  بارێكی تری چەكی ھەمان قاچاخچی دەستیبەسەردا گیرا  كە پێكھاتبوو لە زیاتر  ( ٣٠٠ كڵاشینكۆف  و دەمانچە ، ٥٠٠٠ ھەزار فیشەك و دەیان جۆر لە پێویستی و پارچەی یەدەكی چەك  )  كە ئامادەكرابوو  بە قاچاخ مامەڵەی پێوەبكرێت، تەواوی كەیسەكەش رووبەڕووی دادگا كرایەوە بۆ رێوشوێنی یاسایی پێویست". 



PM:08:07:29/11/2022