توركیا؛ داوای لێكۆلینەوە لە كوشتنی تاهیر ئەلچی رەتكرایەوە


فراكسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا داوایكرد، جارێكی دیكە لێكۆلینەوە لە كوشتنی تاهیر ئەلچی سەرۆكی پێشووی سەندیكای پارێزەرانی ئامەد بكرێت، بەڵام داواكاریەكە بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئاكەپە و مەهەپە رەتكرایەوە.

دوای رەتكردنەوەی داواكاری لێكۆلینەوە لەبارەی هۆكار و چۆنیەتی كوشتنی تاهیر ئەلچی جەهەپە و هەدەپە پشتگیریان لە داواكاری لێكۆلینەوەكە كرد و بەو هۆیەوە گفتوگۆیەكی توند لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا روویدا.

بەهۆی ئەوەی پەرلەمانتارانی ئاكەپە، هەدەپەیان بە بەكارهێنانی روداوی كوشتنی تاهیر ئەلچی بۆ مەرامی سیاسی تۆمەتبار كرد، مەڕاڵ دانش بەشتاش بە توندی دەسەڵاتی رەخنە كرد و رایگەیاند " دوای چوار ساڵ و شەش مانگ لە كوشتنی تاهیر ئەلچی، دادگا دۆسیەكەی قبوڵ كردووە. پێنج ساڵ تێپەڕی ئینجا یەكەم دانیشتن بەڕێوەچوو. چەند جارێك دانیشتنی دادگا دواخرا و دواتر دۆسیەكە راگیرا. بڕیار بوو ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆك وەزیری ئەو كاتە، وەك شایەدحاڵ بانگهیشتی دادگا بكرێت، بەڵام بەهۆی دەستێكەوە پرۆسەكە راگیرا و لە ئێستادا دەیانەوێت، كوشتنی تاهیر ئەلچی بخرێتە لیستی تاوانبارانی نەناسراوەوە و ئەوەش دۆسیەكە دادەخات و ئەوەش دیارە كە دەسەڵات نایەوێت راستیەكان ئاشكرا بكرێت."

ئەوەش لە كاتێكدایە دوێنی ٢٨ی تشرینی دووەم، حەوت ساڵ بەسەر كوشتنی تاهیر ئەلچی سەرۆكی پێشووی سەندیكای پارێزەرانی ئامەد تێدەپەڕێت. تاهیر ئەلچی رۆژی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، لە كۆنگرەیەی رۆژنامەوانیدا، كاتێك داوای ئاشتی و راگرتنی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیای بۆسەر ناوچەی سوری ئامەد دەكرد، لە ژێر منارەی مێژوویی چوارپایەی ناوچەی سور، تەقەی لێكرا و كوژرا.

 



PM:09:30:29/11/2022