ناكۆكییەكی نوێ لەنێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دروستبوو


بەهۆی دابەشكردنی زەوی لە سنوری قەزای چەمچەماڵ، ناكۆكییەكی نوێی لە نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوەبەسەرچوو) و قوباد تاڵەبانی، جێگری دروستكرد.

شەوی رابردوو میدیای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاویانكردەوە، بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (ماوەبەسەرچوو) لە سنوری قەزای چەمچەماڵ، ٢٦٠ پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسیدا دابەشكرا.

ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم كە جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپرسییەتی، بڵاویكردەوە "رۆژی ١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢، لە قەزای چەمچەماڵ  ٢٦٠ پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسیدا دابەشكرا، ئەمەش دوای دەرچوونی فەرمانێكی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە رێكەوتی ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، كە هەریەك لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار بۆ ئامادەكاری و وردبینی كردن لە ناوی كەسەكان راسپاردبوو بۆ پێدانی ئەو زەوییانە".

ماوەیەكە بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتییەوە، ناكۆكی توند لە نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری دروستبووە و هەر بەو هۆیەشەوە نزیكەی مانگێكە قوباد تاڵەبانی ناچێتە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.



PM:03:39:02/12/2022