سکالۆنی بۆ یاری ئوسترالیا هەواڵی ناخۆشی راگەیاند


لیۆنێل سکالۆنی راهێنەری ئەرجەنتین پێش یاری ئوسترالیا لە قۆناغی شانزە هەواڵی ناخۆشی راگەیاندوو پێکانی دیماریای راگەیاند.

سکالۆنی وتی:" دیماریا پێکانی هەیە و ناڕەحەتە، بەڵام با چاوەڕێی ئەمڕۆ و سبەی بین، درەنگ گەیشتینە هۆتێل.. 48 سەعات بۆ پشوودان قورسە، ئامادەیی دێماریا دەبینین، بەڵام ناتوانم بەشداری ئەو یاریزانە پشتڕاست بکەمەوە".

وتیشی:" ڕەنگە هەڵبژاردە نیشتمانییەکان بەشێک لە شێوازی یاریکردنیان بگۆڕن بەڵام 100% نا و ئەوەش ڕەنگە ئەرێنی بێت و ئێمە ئەم فەلسەفەیە جێبەجێ دەکەین،دەچینە یاریگا بۆ کێبڕکێ، بەڵام پاڵەوانێتییەکە قورسە، و دوێنێ ئەوەی ڕوویدا بینیمان.. بۆ من ئەمە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە".

 لەسەر پێکهاتەکەی سکالۆنی وتی؛"  گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەدا؟  ئێمە ڕاهێنانەکان دەبینین و کێ باشترینە بۆ پلانەکانمان و دواتر بڕیارەکە دەدەین،ئێمە هەمیشە بە یەک پێکهاتە یاری ناکەین بەڵام بەپێی یارییەکە یاریزان هەڵدەبژێرین".
 

لە بەردەوامی قسەکانی لە کۆتایدا وتی:"  ئێمە نامانەوێت زۆر متمانەمان بەخۆمان هەبێت،نەخێر ئەوان تیپێکی باشن، لە پاڵاوتن ئاستی باشیان هەبوو، نەریتی خۆیان و شێوازی یاریکردنیان هەیە و ئەوەش وایان لێدەکات تیپێکی قورس بن،هاندەرانی ئەرجەنتینی زۆرن، 70%ی کورسیەکان ئەرجەنتینین، ئێمە ئەوە بەرز دەنرخێنین و هیوادارین بەرامبەر ئوسترالیا ئامادەبن، وەک ئەوەی لەگەڵ پۆڵەندا ڕوویدا،یارییەکی قورس دەبێت، نەک لەبەر ئەوەی تیپێکی ئاسیاین، بەڵکو لەبەر ئەوەی تیپێکی قورسە".
  


PM:04:35:02/12/2022