خوێندنی باڵا دەربارەی گواستنەوەی خوێندکاران لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی سلێمانی بڕیارێکی دەرکرد

وەزارەتی خوێندنی باڵا دەربارەی گواستنەوەی قوتابیان و خوێندکاران لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی (کوردستان - هەولێر) بۆ کۆلێجە پزیشکییەکانی زانکۆی سلێمانی بڕیارێکی نوێی دەرکرد و دەڵێت" تەنها ئەم ساڵ ئەم گواستنەوەیە دەکرێت"، بریاری گواستنەوەی ئەم خوێندکارانە هەر لەسەرەتاوە لە زانکۆی ئەهلیەوە کە بە نمرەیەکی کەم وەرگیراون بۆ زانکۆ حوکمییەکان کە بە نمرەیەکی زۆرەوە وەردەگیرێن بووە مایەی ناڕەزای و خۆپیشاندانی خوێندکاران و ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەشە چەندان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجام دراوە. 

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان کە واژۆی ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵای لەسەرە و ئاڕاستەی سەرۆی زانکۆی سڵیمانی کراوە، تێیدا هاتووە" ئاماژە بە نوسراوی زانکۆی سلێمانی ژمارە (٢٣ن/١٦٤١) لە ڕێکەوتی ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەهۆی زۆری ژمارەی قوتابیان و خوێندکاران لە کۆلێجە پزیشکییەکانی زانکۆی سلێمانی وە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە بڕیار درا بە ڕاگرتنی گواستنەوەی خوێندنی قوتابیان و خوێندکاران لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی کوردستان- هەولێر بۆ کۆلێجە پزیشکییەکانی زانکۆی سلێمانی بۆ لە مەودوا و ساڵانی داهاتووش". 

هەر بەپێی نوسراوەکەی خوێندنی باڵا، بڕیارەکە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم گواستنەوەیە بۆ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی هەندێک خوێندکاری کەسانی بەرپرس و دەوڵەمەندبووەو پاش ئەوەی ئەو خوێندکارانە سوود مەندبوون لە بڕیاری یەکەم کە بڕیاری گواستنەوەکە بوو، ئێستا رایگرت.  

دەقی نوسراوەکە: 

AM:09:58:06/12/2022