پارێزگارو بەشی تەجاوزات لە سلێمانی‌ " ناوێرن " داگیرکردنی زەویەکی ١٨ دۆنمی لە ناوچەی وارماوا راگرن

ئامادەکردنی: سپی

ئەگەر لە نزیکی شارە گەورەکان بە " نموونە سلێمانی" دەیان پارچە زەوی لە موڵکی گشتی بە تاڵان برابێت، ئەوا لە دەرەوەی شارەکان، لە قەزاو ناحییەکان زەوی و موڵکی گشتی بە شێوەیەکی فراوانتر بەتاڵان دەبرێت، کێشەکە لەوەدایە کە چاو زیاتر لەسەر شارە گەورەکانە و کەمتر دەرەوەی شارەکان دەکەونە بەر رووناکی میدیاکان. لە چوارچێوەی ئەو بەتاڵانبردنەدا، موڵکێک لە قەزای هەڵەبجەی تازە کە بە نا یاسایی کراوە بە ( مەیدانی ئاژەڵان )و رووبەرەکەی ١٨ دۆنمە، تا ئێستا دەزگا تەنفیزییەکانی نەهێشتنی تەجاوزات لە شارۆچکەکەو لەسەر ئاستی سلێمانیش، بە پارێزگاریشەوە بوێری ناکەن ئەو سەرپێچییە هەڵوەشێننەوە.

دوای بەدواداچوونێکی وردی ( سپی )، لە ساڵی ٢٠١٩دا پارچە زەوی ژمارە ٢٩ کەرتی ٤١ ی دیسکەرە کە لە ناحیەی وارماوە ( زەڕایەن) و دەکەوێتە دەروازەی شاری هەڵەبجەی تازەو رووبەرەکەی ١٨ دۆنمە، لەلایەن بەرپرسێکی ئەمنی باڵای شارەکەوە بە زیادە رۆیی کراوەتە مەیدانی ئاژەڵان.

بەپێی ئەو بە دواداچوونە، پارچە زەوی ژمارە ٢٩ کەرتی ٤١ ی دیسکەرە کە بەڵگەنامەکانی هەمووی لەلای " ماڵپەڕی سپی " پارێزراوە، ئەو بەرپرسە ئەمنییەی شارۆچکەکە بە پاڵپشتی قائیمقامی شارەزوور لە ژێر ناوی مەیدانی ئاژەڵان، لە مانگی ئایاری ٢٠١٩ بەبێ مۆڵەت و رێگا پێدانی ئسولی زیادەرۆییەکی گەورەی تێدا ئەنجامداوە.

بەپێی یاسا و رێنوماییە بەرکارەکان، دروستکردنی مەیدانی ئاژەڵان، دەبێت لەسەر رەزامەندی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسەوار و گەشت و گوزارو ئاو و کارەبا و کشتوکاڵ و رێگاو بان و شارەوانی ناوچەکە و چەندین فەرمانگەی تر دروست بکرێت و، جگە لەوەی دەبێت کەسێک، یان کۆمپانیایەک راستەوخۆ خاوەندارێتی بکات بۆ ئەوەی ئیدارەی ناوچەکەو پارێزگا لای روونبێت مامەڵە لەگەڵ کێدا دەکات، تا مەرجە یاساییەکانی بەسەردا بسەپێنێنرێت.

ئەم ١٨ دۆنمە چۆن بە تاڵان برا ؟

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی لەسەر بەتاڵانبردنی ئەو زەوییە لە بەردەست " سپی " دایە، لە ١/٥/٢٠١٩ ئەم زیادەڕەویە دەستی پێکردووە، لە ( ٢/٥/٢٠١٩) بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەکە فەرمانی دەرکردووە بە راگرتنی تەجاوزەکە تا ئەو کاتەی ئەنجومەنی شارەوانی شارەزوور کۆدەبێتەوەو بریاری لەسەر دەدات، لە ١٤/٥ ئەنجومەنی شارەوانی بەکۆی دەنگ دروستکردنی ئەو مەیدانی ئاژەڵەیان رەتکردۆتەوە، دواتر لە ١٥/٥/٢٠١٩ بەفەرمانی بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەکە تەجاوزەکە بە تەواوی تێکدرا.

دوای ئەم هەنگاوە تەندروستەی ئەنجومەنی شارەوانی ناوچەکەو بەرێوەبەری ناحیەکە، کەچی رۆژی ٢٨/٥/٢٠١٩ لەسەر داوای قائیمقامیەتی شارەزوور و بەبێ ئاگاداری ناحیەی وارماوا، تەجاوزکاران لیژنەیەکیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانەوە بردووەو رۆشتوونەتە سەر (موقع) ەکە، ( بەبێ لەبەرچاوگرتنی رەگەز و خاوەندارێتی زەویەکە ومەرجەکانی دروستکردنی مەیدانی ئاژەڵان، بەبێ رەچاوکردنی دەسەڵات و تایبەتەمەندێتیان )، کۆنووسێک ئەکەن و رەزامەندی لەسەر دروستکردنی مەیدانی ئاژەڵان دەدەن. دواتر بە نوسراوی ژمارە( ٥٨٩٨ ) لە ٢٨/٥/٢٠١٩ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانیەوە کۆنووس و ئەنجامی کەشفەکەیان بۆ قائیمقامیەتی شارەزوور دەنێرن.

لە ( ١٣/٦/٢٠١٩ ) رێکەوتی پێنج شەممە بۆ جاری دووەم زیادەرەوەکان دەستیان کردەوە بە دروستکردنی مەیدانی ئاژەڵانەکەو بە پاڵپشتی ئەو بەرپرسە ئەمنییەی باڵادەستەی ناوچەکە. 

لە ( ١٦/٦/٢٠١٩) بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی وارماوە  ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەنوسراو لەم تەجاوزە ئاگادار دەکاتەوە تا رێوشوێنی یاسایی دژی ئەو سەرپێچییە بگرنە بەر. بەپێی بەڵگەنامەکانی بەردەست، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەنوسراویان ژمارە،( ٤٢٣ ) لە ١٦/٦/٢٠١٩ داوایان لە قائیمقامیەتی شارەزوور کردووە زیادەرۆییەکە رابگرێت، بەڵام قائیمقامی پرۆژەکە راناگرێت، بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی قائیمقام  نە ئەنجومەنی پارێزگا و، نە سەرۆکایەتی و، نە لیژنەکە و ، نە  فراکسیۆنەکانیش هیچ هەڵوێستێکیان نابێت.

دواتر لە رۆژی  ١٨/٦/٢٠١٩ لیژنەی زیادەڕەوی بە مەبەستی تەبلیغکردنی زیادەرەوەکان دەچنە سەر تەجاوزەکە، بەڵام ئەو چەکدارانەی لەوێن رووبەڕوویان دەبنەوە، رێگایان نەدابوو تەبلیغەکە بکەن، بۆیە ناحیە بەنوسراوی ژمارە ( ٣٣٥) لە هەمان رۆژ داوای لە بنکەی پۆلیسی وارماوا کردووە کە مەفرەزەی پۆلیس یاوەری لیژنەی تەجاوزات بکات بۆ جێبەجیکردنی ئەرکەکانیان، بەڵام بنکەی پۆلیسی وارماوا، نە وەڵامی نوسراوەکەیان داوەتەوە، نە هاوکاری لیژنەکەشیان کردووە، بەپێی زانیارییەکان، بنکەی پۆلیسی بە لیژنەی تەجوازاتیان وتبوو: پسووڵەی ئاگادارکردنەوەمان بۆ بنێرن، خۆمان بۆتان تەبلیغیان دەکەین، بەپێی بەڵگەکان، هەمان رۆژ ناحیە لەگەڵ نوسراوی ژمارە ( ٣٤٢) پسوڵەی ئاگادارکردنەوەی تجاوزکارانیان ناردووە بۆ بنکەی پۆلیسی وارماوا بەمەبەستی تەبلیغکردنی زیادەرۆکاران، بەڵام پۆلیس تەبلغەکەیان نەکردووە، لە ٢٤/٦/٢٠١٩ بە نوسراویان ژمارە ( ١٤٣٣) کە مێژووی ١٩/٦ ی لەسەرە وەڵامی ناحیە ئەداتەوە، ئەڵێ ناونیشانی ماڵی تەجاوزەکەی تەبلیغ ئەکرێ، نەک لە شوێنیکی تر.

لە رێکەوتی ٣٠/٦/٢٠١٩ بەڕێوەبەری ناحیە بەپێی نوسراوی ژمارە (٣٧٢) فەرمانی رووخاندن و لابرد زیادەرەویەکەی دەرکردووە، تیایدا داوای لە پارێزگای سلێمانی کردووە، کە هێزی پێویست بنێرن بە مەبەستی لادانی تەجاوزەکە، ئەمەش لەبەرئەوەی لایەنە ئەمنییەکانی شارەزوور و وارماوا هاوکار نەبوون، هەمان نوسراو وێنەیەکی دراوە بە سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی بۆ مەبەستی ئەوەی ئەوانیش بێنە سەرخەت و  ئاگاداری ئیجرائاتەکان و لایەنی کەمتەرخەمم ببن، بۆیە داواکاری گشتی سلێمانی بەنوسراویان ژمارە ( ٦/١٠٢٥) لە ٢/٧/٢٠١٩ داوا لە پارێزگای سلێمانی دەکات بۆ هاوکاریکردنی ناحیەی وارماوا و دابینکردنی هێز بە مەبەستی لابردنی زیادرۆییەکە، بەڵام پارێزگاری سلێمانی ئێستاشی لەسەر بێت، نە‌هێزیان دابیکردووەو، نە وەڵامی نوسراوەکەی داواکاری گشتیان داوەتەوە.

بەپێی بەڵگەکان لەرێکەوتی ( ٧/٧/٢٠١٩ ) بەڕێوەبەرایەتی ناحیە لەگەڵ نوسراوی ژمارە ٣٩٧ دۆسیەی زیادەرۆییەی ئاراستەی سەرۆکایەتی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی کردووە بۆ مەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی و تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی زیادەڕەوەکاران، فەرمانگەی داواکاری گشتی بە نوسراویان ژمارە ( ١٠٦ / راپۆرت/٢٠١٩) لە ٩/٧/٢٠١٩ کە ئاراستەی دادگای لێکۆڵینەوەی شارەزوور کراوە، سکاڵایان تۆمار کرد لە دژی زیادەرۆوکاران.

دواتر بەبێ ئەوەی هیچ زیادەرەوکارێک دەستگیر بکرێت، لە ٢٤/٧/٢٠١٩ دادگای شارەزوور بڕیاریدا بەلابردن و تێکدانی زیادەڕۆیەکە، بۆ ئەمەش بەڕێوەبەری ناحیەی راسپارد بە جێبەجێکردنی. 

بەڕێوەبەری ناحیە لە ٢٧/٨/٢٠١٩ بە پێی نوسراوی ژمارە ( ٥٥٦) جارێکی تر فەرمانی لابردن و تێکدانی زیادەرویەکەی دەکردووە، تیایدا ( ١٦/٩ ) کە ئیمزای پێنج ئەندامی لیژنەی لەسەرە، کەچی ئەمجارەش نە شارەوانی شۆفڵیان ناردووە نە هێزەکانیان پۆلیس مەفرەزەیان ئامادەبووە، بۆیە فەرمانەکە جێبەجێنەکراوە.

بابەتەکە لەبەر جێبەجێنەکردن و بوێرینەکردنی دەزگا تەنفیزیەکانی هەڵەبجەی تازەو پارێزگای سلێمانی، کێشەکە دەگاتە وەزیری ناوخۆ، رۆژی ٥/٩/٢٠١٩ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم نامەیەک بە ناونیشانی " هەڵگرتنی زیادەڕۆیی " ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس دەکات و بڕیار دەدات ئەو زیادەڕۆییەی لەسەر موڵکی ژمارە ٢٩ ی کەرتی ٤١ دیسکەرە لە سنوری ناحییەی وارماوە کراوە، لاببرێت، بەڵام ئەو بڕیارەی وەزیری ناوخۆش کە واژووی رێبەر ئەحمەدی لەسەرە جێبەجێ ناکرێت.  

دواتر لە ١٨/٩/٢٠١٩دا داواکاری گشتی داوا لە پارێزگاری سلێمانی دەکات بۆ گرتنە بەری رێکاری یاسایی لە دژی لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی ورماوا لەسەر پێشێلکارییەکانی وجێبەجێنەکردنی فەرمانی لابردنی زیادەرەوییەکان، بەڵام پارێزگای سلێمانی هیچ وەڵامێکیان ئەم نوسراوەی نەداوەتەوە و هیچ رێکارێکی لە دژی لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی وارماوا نەگرتەبەر.

سەرچاوەیەک بە " سپی " راگەیاند لەبەر ئیعتباراتی حیزبی و ئەمنی و عەشایری پێگەی ئەو بەرپرسەی تەجاوزەکەی کردووە، پارێزگاری سلێمانی بوێری ناکات ئەو زیادەرۆییە بڕوخێنێت.

بەپێی بەڵگەنامەکانی بەر دەست " سپی " لە ٤/١١/٢٠١٩ بۆ جاری چوارەم بەڕێوەبەری پێشووی ناحیە بە نوسراوی ژمارە ( ٨٠٢)فەرمانی لابردن و رووخانی بۆ زیادەڕەویەکە دەرکردووە، تیایدا ٦/١١/٢٠١٩ دیاکراوە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکە، بەڵام بەهەمان شێوە شارەوانی شۆفڵی نەناردو بەهۆیەوە فەرمانەکە جێبەجێنەکرا.

سووربوونی بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی وارماوە لەسەر لادانی ئەو زیادەرۆییە لەسەر موڵکی گشتی و نەچوونی دەزگاکانی جێبەجێکردن لە پۆلیس تا پارێزگاری سلێمانی، دەبێتە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی.

سەرپێچییە یاساییەکانی بەتاڵانبردنی ئەم زەویە ١٨ دۆنمیە:

داگیرکردنی ئەم زەویە لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانی شارەزوورەوە بەکۆی دەنگ لە رۆژی ( ١٤/٥/٢٠١٩)دا پەسەند نەکراوەو رەتکراوەتەوەو، رەزامەندی هیچ لایەنێکی نییە.

ئەمە جگە لەوەی ساڵانێکە لە سنوری ناحیەی وارماوە مەیدانێکی تری ئاژەڵان هەیە کە مۆڵەتی فەرمی هەیەو هەموو رێوشوێنە یاساییەکان لە کاتی دروستکردنیدا پەیڕەوکراوەو، شارۆچکەکە لە ئێستادا پێویستی بە مەیدانی نوێ نییە.

سەرپێچییەکی تری داگیرکردنی ئەو زەوی ( ژمارە ٢٩ ی کەرتی دیسکەرە ) لە بنچیەنەدا ئەو زەویە کشتوکاڵییەو نیشانەی مامەڵەنەکردنی ( حجزی ) لەسەرە، بە واتای ئەم زەویە رێگریەکی یاسایی لەسەرەو، نابێت هیچ پرۆژەیەکی لەسەر بکرێت.

سەرباری ئەمانە ئەوانەی زەویەکەیان داگیرکردووە، ئەو کەسانەی داگیرییان کردووە، هیچ مافێکی یاساییان لەسەر ئەم پارچە زەویە نییە.

هەروەها لەڕووی شارستانیەوە شوێنەکەی زۆر نەگونجاوە و دەکەوێتە دروازەی شارو سەر رێگای گشتی شارەکەیە.

تێبینی: سەرجەم بەڵگەنامەکانی ئەم دۆسیەیە لەلای ماڵپەڕی " سپی " پارێزراون





PM:08:19:12/12/2022