تا ئێستا ئاسایش رێگا نادات ٥ گیراوی بادینان کە حوکمەکەیان تەواو کردووە، ئازاد بکرێن


تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان رایانگەیاند "لە بەیانیەوە كەسوكاری پێنج گیراوی بادینان چاوەڕێی ئازادكردنیانن، بەڵام ئاسایش ڕێگەنادات".

تیمی پارێزەرانی بەرگریكار لە چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێن" دوو ڕۆژە پێنچ چالاكوانی شیلادزێ بەبڕیاری دادگا ئازاد كراون، سەرەرای ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵە بەناحەق لە زیندانن و ئێستاش ماوەی حوكمەكانیان تەواو كردووە، بەم سەرماو سۆڵە لە بەیانییەوە كەس و كاریان كە ژن و منداڵیشیان لەگەڵدایە لەبەردەم ئاسایشی گشتی هەولێرن و لە چاوەروانی ئازادكردنی ڕۆڵەكانیانن بەڵام ئاسایش تا ئەو دەققەیە ئازادیان ناكەن ئەمە چ ویژدانێكە؟".

 لە درێژەی لێدوانەکەیاندا تیمی پارێزەرانی بەرگریكارلە چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان دەڵێن" ئەم هێشتنەوەیان لە ئاسایش سەرپێچی یاسایە، داواكارین لەبەڕێزتان بێنە دەنگ و ئەم زوڵمەی لەم پێنچ چالاكوانە دەكرێت قبوڵی نەكەن و داواكارین دەستبەجێ ئازاد بكرێن.
ئەو پێنج زیندانەی گەرمیان حوکمدانی یاسایی خۆیان تەواو کردووەو دوێنێ لە دادگا هەموو نوسراوەکانیان و حوکمەکەیان تەواو کردووە".




PM:06:22:13/12/2022