نەوەی نوێ: ٨٠٪ی چەند داهاتێك دەچێت بۆ حزب و ناگەڕیتەوە بۆ حكومەت


فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و هەرێم رایدەگەیەنێت  "لەژێر چەندان ناودا گومرگ و پارە لە بازرگانان لە خاڵە سنوورییەكاندا وەردەگیرێت و ٨٠٪ـی ئەو داهاتەش دەچێت بۆ حزب و ناگەڕیتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت".

فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا لەسلێمانی لەسەر داهات و نەوت و خاڵە سنوریەكان ژمارەیەك داتایان بڵاوكردەوە بەپێی داتاكان تەنها لە ئیبراهیم خەلیل ساڵی رابردوو ١٠٤ ملیار دینار لێخۆشبوونی گومرگی كراوە.

فراكسیۆنی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەداوە "لە سێ رێگاوە گومرگ و پارە لە بازرگانان وەردەگیرێت و رێگا یاساییەكەش كەمترین داهاتی هەیە و كەمترین پارەی گومرگ دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، یەكەم رێگە رێگەی گومرگی یاسایی و لە وەسڵی حكومییە و داهاتەكەی بۆ حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم دەگەڕێتەوە، بەڵام لەم رێگەیەوە بڕێكی كەم داهات دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت.

هەروەها دەڵێن "كۆمپانیاكانی حزب بەناوی بیمەی سەلامەتی و قەپانەوە پارە لە شۆفێران و بازرگانان وەردەگرن و لە رێگەیەكی قاچاغ و بی وەسڵیشەوە پارە لە بازرگانان وەردەگرن بەجۆرێك لە رێگای دەڵاڵی حزبەوە كاڵا و شمەك بە قاچاغ دەهێنرێتە هەرێمەوە و گومرگی كەمتریان لێوەردەگیرێت و بەبێ گومرگی یاسایی و حكومی بارەكانی بازرگانان دەهێننە هەرێم."

فراكسیۆنی نەوەی نوێ وتی "داهاتی ئیبراهیم خەلیل دەگاتە حەوت ملیار دۆلار و ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ كۆمپانیا حزبی و كەسییەكان دەكرێت و پارەكەش دەچێتەوە گیرڤانی حزبەكان،  داهاتی ساڵانەی دەروازەی سێمێلكا تەنها بۆ پشكنینی كۆرۆنا ١٢ ملیار دینارە و ٨٠٪ـی دەچێتە گیرفانی حزبەكان و لە یەك دەروازەی سنوری دهۆك ١٠ هەزار تۆن نەوت دەهێندرێتە هەرێم، بەڵام هیچ داهاتێكی ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت، داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیش ١٠ هێندەی داهاتی دەروازەی باشماخە و ئەو كۆمپانیا حزبییانەی لە دەروازەكان كاردەكەن باج نادەن بە حكومەت و پارە و گومرگ لە بازارگان و شۆفێران وەردەگرن".




PM:12:50:21/12/2022