ئینستیتیوتی په‌ی: پەرلەمان هیچکام لەو ئەرکانەی جێبەجێ نەکردووە کە تەمەنی خۆی بۆ درێژکردووەتەوە

ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ڕایدەگەیەنێت" پەرلەمانی کوردستان لە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمییەوە هیچکام لەو ئەرکانەی جێبەجێ نەکردووە، کە تەمەنی خۆی بۆ درێژکردووەتەوە". 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕاپۆرتێکی لەبارەی کاروچالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستان (کاربەڕێکەڕ) لە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت" پەرلەمانی کوردستان ناكرێت چیتر پەكی دانیشتنەكانی بخات". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پەرلەمانی كوردستان كە لە ٦-١١-٢٠٢٢ وادەی یاسایی بەسەردەچوو و دەبوایە هەڵبژاردنی بۆ خولی شەشەم ئەنجامبدرایە، كەچی لە دانیشتنی ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بەپێی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ تا كۆتایی وەرزی یاسادانانی پایزەی ساڵی ٢٠٢٣ تەمەنی خۆی درێژكردەوە. بیانوی پەرلەمان لەم درێژكردنەوەیەدا، كە لە هۆیەكانی دەرچواندنی یاساكەدا هاتووە، بریتی بوو لە:

١- ڕێگریكردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی.

٢- گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان.

٣- تەواوكردنی ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.

٤- دەستەبەركردنی تۆماری بایۆمەتری پاك و بێگەرد.

٥- ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی.

هەروەها ئەوەش هاتووە" هەموو ئەو ئەركانە لە ئەستۆی پەرلەمان بوون و لە چوار ساڵی تەمەنیدا ئەنجامی نەدابوون، كەچی لەو ڕۆژەوەی تەمەنی درێژكردووەتەوە تا ئێستا كە ٧٠ ڕۆژ تێپەڕیوە و خولی گرێدانەكە خەریكە كۆتایی دێت، جگە لەوەی چوار دانیشتنی كردووە، بەلام هیچ كامیان پەیوەندییان بەم بابەتەوە نەبووە، هیچ پرۆژەیەكی ئامادەنەكردووە و هیچ ڕاپۆرتێكی پێشكەش نەكردووە، بەهیچ شێوەیەك بەلای ئەو پرسانەدا نەچووە و هیچ كۆبوونەوەیەكی لەمبارەیەوە ئەنجامنەداوە، نەك هەر ئەمە بەڵكو خولی گرێدان خەریكە كۆتایی دێت، كەچی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبیانوی جیاجیاوە پەكی دانیشتنەكانی خستووەتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە سەرەتای ساڵی تازەشەوە پشووی وەرزی پاییزە دەستپێدەكات و تا سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو هیچ دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجامنادرێت و ڕەوشەكە بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی پەی ئەوەش هاتووە" بەپێی پەیڕەوەكەی خۆی و ئەو یاسایانەی دەریكردوون، لە ماوەی ئەو ٧٠ ڕۆژەی ڕابردوودا پەرلەمان پێویستبوو ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕیی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی تەواو بکردایە و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، لەوپێناوەشدا پرۆژەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئامادەبكردایە و خوێندنەوەی بۆ بكردایە و كاری بۆ پەسەندكردنی بكردایە، هەروەها کاری بۆ یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتمانی بكردایە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كارابكردایەتەوە و هەنگاوی بنایە بۆ ئامادەكردنی تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك و بێگەرد، بەڵام پەرلەمان نەك هیچكام لەو ئەركانەی ئەنجامنەدا، بەڵكو هیچ هەنگاوێكیشی نەنا بۆ ئەوەی ژینگەیەكی لەبار بڕەخسێنێ بۆ بەجێگەیاندنیان". 

هەروەها باسی لەوەشکردووە، کە دەبوو لە ٧٠ رۆژی ڕابردوودا کە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژکردووەتەوە، تائێستا ٣٣ دانیشتنی بكردایە سەبارەت بە پەسەندكردنی یاسا و چاودێریكردنی دەسەلاتی جێبەجێكردن، بەلام پەرلەمان لەمەشیاندا كەمتەرخەم بوو و تەنها چوار دانیشتنی ئەنجامداوە.

هەر لە بەیاننامەکەدا ئینستتیوتی پەی جەختیشیکردووتەوە، کە ئەگەر لە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو ٢٠٢٣دا پەرلەمان كێشە دەستنیشانكراوەكانی چارەسەر نەكردبێت" دەگەینە ئەو ئەنجامەی بەم شێوازە پەرلەمان ناتوانێت ئامادەسازییەكان بكات و دیسانەوە لەوادەی دەستنیشانكراوی دواخراودا هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت و سەرلەنوێ پەرلەمان جارێكی تریش تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە، چونكە بەپێی ئەو خشتەی كاتەی لەبەردەمی پەرلەماندایە بۆ ئەنجامدانی هەموو كارە پەیوەندارەكانی هەلبژاردن تەنها دوو مانگی كاركردنی ناو خولی گرێدانی بەهارەیە، كە ئەمەش كاتێكی زۆر كورتە". 

دەشڵێت"  پێویستە پەرلەمانی كوردستان لە زووترین كاتدا كار بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بكات لە نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگیەكی نیشتیمانی، لایەنە سیاسییەكان لە ئێستاوە هەموو خەمێكیان ئەوەبێت كە ئامادەكاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، سەرۆكایەتی پەرلەمان دانیشتنەكانی دەستپێبكاتەوە و تەنانەت پشووی خولی پاییزەش وەرنەگرن، پرۆژە یاسای هەمواری یاسای هەلبژاردن بخەنە بەرنامەی كارەوە و پەسەندی بكەن، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارا بكەنەوە و بێ یاسایی كۆمسیۆنەكە كۆتایی پێ بهێنن و خەسڵەتی پەلە (صفة الاستعجال) بە پرۆژە یاساکان بدەن". 

دەقی ڕاپۆرتەکە:

لەپێناو رێگریكردن لە دووبارە دواخستنەوەی هەڵبژاردندا:
پەرلەمانی کوردستان ناكرێت چیتر پەكی دانیشتنەكانی بخات!

پەرلەمانی كوردستان كە لە (6/11/2022) وادەی یاسایی بەسەردەچوو و دەبوایە هەڵبژاردنی بۆ خولی شەشەم ئەنجامبدرایە، كەچی لە دانیشتنی رۆژی (9/10/2022) بەپێی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 2022 "تا كۆتایی وەرزی یاسادانانی پایزەی ساڵی 2023" تەمەنی خۆی درێژكردەوە. بیانوی پەرلەمان لەم درێژكردنەوەیەدا، كە لە هۆیەكانی دەرچواندنی یاساكەدا هاتووە، بریتی بوو لە:

1-رێگری كردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی.
2-گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان.
3-تەواوكردنی ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.
4-دەستەبەركردنی تۆماری بایۆمەتری پاك و بێگەرد.
5-ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی.

ئەمە لەكاتێكدا هەموو ئەو ئەركانە لە ئەستۆی پەرلەمان بوون و لە چوار ساڵی تەمەنیدا ئەنجامی نەدابوون، كەچی لەو رۆژەوەی تەمەنی درێژكردۆتەوە تا ئێستا كە (70) رۆژ تێپەڕیوەو خولی گرێدانەكە خەریكە كۆتایی دێت، جگە لەوەی چوار دانیشتنی كردووە، بەلام هیچ كامیان پەیوەندیان بەم بابەتەوە نەبووە، هیچ پرۆژەیەكی ئامادەنەكردووەو هیچ راپۆرتێكی پێشكەش نەكردووە، بەهیچ شێوەیەك بەلای ئەو پرسانەدا نەچووەو هیچ كۆبوونەوەیەكی لەمبارەیەوە ئەنجامنەداوە، نەك هەر ئەمە بەڵكو خولی گرێدان خەریكە كۆتایی دێت، كەچی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبیانوی جیاجیاوە پەكی دانیشتنەكانی خستۆتەوە، لەسەرەتای ساڵی تازەشەوە پشوی وەرزی پاییزە دەست پێدەكات و تا سەرەتای مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو هیچ دانیشتنێكی ئاسایی ئەنجامنادرێت و رەوشەكە بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدا وەك كاردانەوە بەرامبەر درێژكردنەوەی پەرلەمان، فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن (هەڵوێست)ی جیاجیایان نواند، سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو و ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد، سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری و چوار ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان و ئەندامێكی سەربەخۆكان بایكۆتی دانیشتنەكانیان كرد. كەچی لەبەرامبەردا سەرۆكی پەرلەمان لە دانیشتنی رۆژی (16/11/2022) رایگەیاند: "لەمەودوا ناوی ئامادەنەبووان دەخوێندرێتەوەو ئەو ئەندامانەی بەناوی بایكۆتەوە ئامادەی دانیشتنەكان نابن، ماددەی (22، 23)ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانیان بەسەردا جێبەجێ دەكەین". مەبەستی سەرۆكی پەرلەمان ئەوە بوو ئەگەر بەردەوام بن لەسەر بایكۆتكردن و ئامادەی دانیشتنەكان نەبن، ئەوا بە ئامادەنەبوو هەژمار دەكرێن و مافی ئەندامێتیان لێدەسەندرێتەوە. كەچی نەك هەر ئەو بەلێنەی بەجێنەگەیاند بەڵكو بەبیانوی ترەوە دەستەی سەرۆكایەتی بەجۆرێك لە جۆرەكان پەرلەمانیان پەكخستووەو دانیشتنەكانیان راگرتووە.

لەراستیدا بەپێی پەیرەوەكەی خۆی و ئەو یاسایانەی دەریكردوون، لەماوەی ئەو (70) رۆژەی رابردوودا پەرلەمان پێویست بوو ئەم كارانەی بكردایە:

یەكەم: كاری پەلەی پەرلەمان ئەوەبوو هەروەك لە بڕگەی دووەمی ماددەی (1) دا هاتووە "پێویستە ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕیی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد تەواو بكرێت و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت"، بۆ ئەم مەبەستەش دەبوایە:

1-پرۆژەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئامادەبكردایە و خوێندنەوەی بۆ بكردایەو كاری بۆ پەسەندكردنی بكردایە.
2-كاری بۆ یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتمانی بكردایە.
3-كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كارابكردایەتەوە.
4-هەنگاوی بنایە بۆ ئامادەكردنی تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك و بێگەرد.
 ئەوەی جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەركردنە پەرلەمان نەك هیچكام لەو ئەركانەی ئەنجامنەدا، بەڵكو هیچ هەنگاوێكیشی نەنا بۆ ئەوەی ژینگەیەكی لەبار بڕەخسێنێ بۆ بەجێگەیاندنیان.

دووەم: بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (1)ی ئەو یاسایەی تەمەنی خۆیان پێ درێژكردەوە هاتووە كە: "خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، تا كۆتایی وەرزی یاسادانانی پایزەی ساڵی 2023، لە سەرجەم كار و ئەركەكانی، بەردەوام دەبێت". بەپێی ئەمەش لەژێر رۆشنایی مادەی (51)ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا دەبوو لەو ماوەیەدا پەرلەمان (33) دانیشتنی بكردایە سەبارەت لە پەسەندكردنی یاساو چاودێریكردنی دەسەلاتی جێبەجێكردن، بەلام پەرلەمان لەمەشیاندا كەمتەرخەم بوو و تەنها (4) دانیشتنی ئەنجامداوە. 

سێیەم: (هەڵوێست)ی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن جیاجیایەو هەندێكیان جێگەی پرسیارە، پێویستە لە ئێستادا هەموو خەمێکیان ئەوە بێت ئامادەکاری بکرێ بۆ هەڵبژاردنێکی بێگەرد. چونکە بایکۆت بۆ بابەت یا ماوەیەكی دیاریكراوە، بەلام بابەتی درێژكردنەوەی پەرلەمان  بەردەوام دەبێت تا كۆتایی ئەم خولە، ئایا كاردانەوەی بەشێك لە ئۆپۆزسیۆن و بەردەوامبوونی بەم شێوازە خزمەت بە پرسەكە دەكات؟
كاتێك لە رۆژژمێری كارەكانی پەرلەمان ورد دەبینەوەو هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی دەكەین، ئەگەر لە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو (2023)دا پەرلەمان كێشە دەستنیشانكراوەكانی چارەسەر نەكردبێت، دەگەینە ئەو ئەنجامەی بەم شێوازە پەرلەمان ناتوانێت ئامادەسازییەكان بكات و دیسانەوە لەوادەی دەستنیشانكراوی دواخراودا هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت و سەرلەنوێ پەرلەمان جارێكی تریش تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە، چونكە بەپێی ئەو خشتەی كاتەی لەبەر دەمی پەرلەماندایە بۆ ئەنجامدانی هەموو كارە پەیوەندارەكانی هەلبژاردن تەنها دوو مانگی كاركردنی ناو خولی گرێدانی بەهارەیە، كە ئەمەش مكاتێكی زۆر كورتە.

لەكۆتاییدا، بۆ ئەوەی هیچیتر تەمەنی پەرلەمان درێژ نەكرێتەوە و لەوە زیاتر ئەزمونی هەرێم لەبەر چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەكانی لەكەدارتر نەبێت، پێویستە:

1-پەرلەمانی كوردستان لە زووترین كاتدا كار بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بكات لەنێوان لایەنە سیاسیەكان بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگیەكی نیشتیمانی.
2-لایەنە سیاسیەكان لەئێستاوە هەموو خەمێكیان ئەوەبێت كە ئامادەكاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.
3-سەرۆكایەتی پەرلەمان دانیشتنەكانی دەستپێبكاتەوەو تەنانەت پشووی خولی پاییزەش وەرنەگرن، پرۆژە یاسای هەمواری یاسای هەلبژاردن بخەنە بەرنامەی كارەوەو پەسەندی بكەن، كۆمسیۆنی هەلبژاردنەكان كارا بكەنەوەو بێ یاسایی كۆمسیۆنەكە كۆتایی پێ بهێنن و خەسڵەتی پەلە (صفة الاستعجال) بە پرۆژەیاساکان بدەن.
4-بە هەماهەنگی لەنێوان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و بەچاودێری پەرلەمان بڕیار لە تۆمارێكی بایۆمەتری بێگەرد بدەن.
5-لە زووترین كاتدا سەرۆكی هەرێم وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەستنیشان بكات.
خۆ ئەگەر ئەمانە نەكرێن، بەدڵنیاییەوە بارودۆخێكی نائاسایی رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە، چونكە بەو هەموو تێبینیانەشەوە كە لەسەر پەرلەمانی كوردستان هەیە، هیچ بژاردەیەكی تر لەدەرەوەی پەرلەمان نیە و ئەلتەرناتیڤێكی باشتر و گونجاوتر نە پێشنیازكراوەو نە هەیە. هەر بۆیە ناكرێ بەبیانووی لاوازی پەرلەمانی ئێستاوە ئەم پرۆسە گرنگە پشتگوێ بخرێ و زۆرینەیەكی خۆسەپێن لە حوكم كردن بەردەوام بن.

تێبینی: ئەگەر هەڵبژاردن بەپێی میكانیزمە كۆنەكە بكرێت ئەوا كۆمسیۆن شەش مانگی پێویستە هەروەك لە خشتەكەدا هاتووە، بەڵام ئەگەر گۆڕانكاری بكرێت و تۆماری بایۆمەتری بەكاربێت، ئەوكاتە پرۆسەكانی (كڕینی ئامێری ناسینەوەی زیرەك، تەندەرین، گرێبەست، هەمواری یاساو گونجاندنی لەگەڵ سیستەمی بایۆمەتری، راهێنانی فەرمانبەران و چەندین بابەتی تر) بەلای كەمەوە پێویستە ساڵێك لەبەردەمی كۆمسیۆندا بێت.


PM:03:12:22/12/2022