وەزیری دارایی عێراق: هیچ بڕیارێك لە بەغداوە بۆ راگرتنی ٤٠٠ ملیارە دینارەکە نەدراوە


پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ٤٠٠ ملیار دینارەکە پەیوەندی بە وەزیری دارایی عێراقەوە کردووەو وەزیر پێیراگەیاندووە کە هیچ بڕیارێك لە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ راگرتنی ئەو پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان نەدراوە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا د. نەرمین مەعروف پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە" بۆ بەدواداچوون لەسەر بابەتی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەكە لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بەدواداچوونم كردووە و وەڵامەكەی ئەوە بووە: هیچ بڕیارێك بۆ راگرتنی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە نەدراوە كە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر دراوە و هیچ بڕیارێكیش لە وەزارەتی دارایی عێراق نییە كە ناردنی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە رابگیرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە بە ماڵپەڕی ئێستای راگەیاندووە" هۆكاری دواكەوتنی ناردنی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە پەیوەندی بە رێكارە كارگێرییەكانەوە هەیە".

ئەمڕۆ میدیاکان بڵاویان کردەوە کە وەزیری دارایی عێراق رەتیکردۆتەوە واژوو لەسەر ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە بکات کە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر داوە بۆ هەرێمی کوردستان.



PM:09:18:22/12/2022