لەسەر پارە وەرنەگرتنی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، عەبدولستار مەجید وەڵامی شاسوار دەداتەوە

سەرۆكی كشاوەی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان (کاربەڕێکەر) لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی شاسوار عەبدولواحیدا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەداتەوە و دەڵێت" ئەو كاكەیە هێندەی مووچەی پەرلەمانتارێك قەرزاری حكومەت و خەڵكە". 

عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى کشاوەی فراكسیۆنى كۆمه‌ڵی دادگەری له‌ په‌رله‌مانى كوردستان (ماوەبەسەرچوو) لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدەکات" ماوەیەکە شاسوار عەبدولواحید کە خاوەنی حزبی نەوەی نوێیە، بەبێ گوێدانە هیچ ئەخلاق و ئەتەکێتێکی سیاسی، کەوتۆتە پەلاماردانی ئێمەمانان، گوایە ئێمە مووچەی پەرلەمانتاریمان وەرگرتووە و حەرامخۆرین". 

دەشڵێت" هەموو كەس بۆی هەبێت باسی حەرام و حەڵاڵ بكات، شاسوار عەبدولواحید بۆی نیە دوایین کەسیش باسی بکات، ئینسانی سوخۆر بۆ ئەو مەیدانە ناشێ با ئەمەیان بمێنێت". 

ئاماژە بەوەش دەکات" ئەو کاکەیە ١٧ هەزار و ٥٢٢ هێندەی موچەی پەرلەمانتارێک، قەرزاری حکومەت و خەڵکە، خۆ لە خۆڕا نیە لێت بێدەنگن و بەناو حکومەت لێت وەرناگرنەوە". 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی عەبدولستار مەجید سەرۆكی كشاوەی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری:

خاوەنی حزبەکەی چاڤیلاند !! 

ماوەیەکە شاسوار عەبدولواحید کە خاوەنی حزبی نەوەی نوێیە، بەبێ گوێدانە هیچ ئەخلاق و ئەتەکێتێکی سیاسیی، کەوتۆتە پەلاماردانی ئێمەمانان، گوایە ئێمە موچەی پەرلەمانتاریمان وەرگرتووە و حەرامخۆرین ! 

"هەموو کەس بۆی هەبێ باس لە حەرام و حەڵاڵ بکات، ئەو برادەرە بۆی نیە دوایین کەسیش باسی بکات، ئینسانی سوخۆر بۆ ئەو مەیدانە ناشێ" با ئەمەیان بمێنێت . 

_ ئەو کاکەیە ١٧ هەزار و ٥٢٢ هێندەی موچەی پەرلەمانتارێک، قەرزاری حکومەت و خەڵکە . 

خۆ لە خۆڕا نیە لێت بێدەنگن و بەناو حکومەت لێت وەرناگرنەوە ! 

_ ئەو زەویە نایاب و گرانبەهایانەی (دەسەڵات) لە سلێمانی پێیداویت، نرخەکەی ١٢٥ هەزار هێندەی موچەی مانگانەی پەرلەمانتارێکە . 

_ قەرزی کارەبا لەسەرتە، بە ئەندازەی ٥٢١ مانگی موچەی پەرلەمانتارە . 

جا دەوترێت بە پەرلەمانتارێکی وتوە "لە حکومەت وەریمەگرە خۆم دەتدەمێ" ئەرێ جارێ خۆت لە کوێت بوو، پاشان کامیان باشترە، لە خاوەنی کۆمپانیایەکی وەربگیرت کەپارەکەی هی خەڵکە و پارەی هەزاران خاوەن پشکە کە بە زوڵم و مفتە و حەرامخۆریی دەست بەسەر پارەکانیاندا گیراوە، یان ئەوەی کە یاسا بۆی دیاریکردووە ؟ 

چەواشەکاریی ئاسانە و هەموو ئینسانێکی بێ (مبداء)پێی دەکرێت، خەڵەتاندنی خەڵک و "ژەهر" رەنگە تاماوەیەک بروات، بەڵام دواتر بە پشتە سەردا ئەتدا بە ئەرزا ! 

ئێمە لەوەتەی پەرلەمانتارین، بەندە کە پێشتریش وەزیر بووم، هەر کەسێکی کۆمەڵ کە لە پۆستێکی گشتیدا بوبێت، بە بەردەوامیی نیوەی زیاتری موچەکەی بەخشیوە، لەوەشی کە بۆی ماوەتەوە، هاوکاریی و یارمەتی خەڵکی تری پێداوە . 

ئێمە موچەی پەرلەمانمان وەرگرت، بەڵام بەخشیمانە ئەو نەخۆشخانەیەی کە باشترینی دکتۆرەکانیت لە مەرگ نزیککردەوە و، ئێستا لە نەخۆشخانە باجی فرتوفێڵەکانت دەدات ! 

ئەی تۆ چیت بۆ ئەو هەموو نەخۆشە کردووە کە هەموو هیوایان، هاوکاریی و یارمەتی خێرخوازانە ؟ بیگومان هیچ ! 
هەڵدانەوەی بەشێکی دیکەی چەواشەکاریەکانت با بمێنێ، هێشتا ماوێتی ..... 
 
دەقی پەیامەکەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ:

بۆ مێژوو ! 

لە کۆی ١١١ پەرلەمانتار کە ئەمرۆ موچەی پەرلەمانتاران دراوە ، تەنها ئەم سێ پەرلەمانتارە موچەی حەرامی پەرلەمانی نایاساییان رەتکردۆتەوە و وەریان نەگرتوە و پارەکە نەچۆتە سەر حساب بانکیەکەیان. 

وە بۆ مێژوو !! کە هەندێک جار هەندێک کەس دەڵێن سێ پەرلەمانتار چیان پێ دەکرێت؟ ئەوا ماوەی ٣١ سالە پەرلەمانتار  پارەیەکی خەیاڵی موچەی خانەنشینی وەردەگرت، ئێستاو لەم خولەدا بە هۆی ئەم ئەم پەرلەمانتارانەی نەوەی نوێ کە بۆ یەکەم جار لە مێژوی پەرلەماندا خۆیان خانەنشینیان رەت کردەوە، ئێستا موچەی خانەنشینی تەواوی پەرلەمانتار و وەزیر و پلەباڵاکان کەم کراوەتەوە بۆ یەک لەسەر شەشی موچەکەی پێشوویان . 

جا ئەمەیە گۆرانکاری و کاریگەری! بە قسەی زل و پۆستی فەیسبوک و دزینی نەوت و سامانی وڵات نابێت، بەڵکو کێ ئامادەیە پارە و دەستکەوت رەتکاتەوە ؟ وە دوو ملیۆن دۆلاری خانەنشینی رەت کەنەوە.ئەو کەسە نمونەی جوانی ئەخلاق و سیاسەتە. 

دەست وچاوتان خۆش بۆ خۆتان و هەڵوێستان پەرلەمانتارە بە ئەخلاقەکانی نەوەی نوێ.


AM:09:16:23/12/2022