شاباز زەمانی لەبارەی هەواڵی دەستگیركردنی هاتە دەنگ و راستییەكان ئاشكرادەكات

گۆرانیبێژی لاوی کورد شاباز زەمانی لەبارەی زیندانیکردنەکەی ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" تەواوی ئەو قسانەی دەوتران دوربوون لە راستییەوە". 

شاباز لە شەوە ئاهەنگێکیدا لە پێش چاوی هەوادارەكانی لەبارەی هەواڵی دەستگیركردنییەوە ڕاستەوخۆ ڕوونکردنەوەی دا و رایگەیاند" ئێوەم خۆشدەوێت بۆیە بۆتان باسدەكەم، ئەگەر نا گرنگ نییە، ئەوە بابەتێكی كۆمەڵایەتی خۆمە، ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا باسكرا خۆزگە راستبوایە، ئێستا ئیشمان نەدەكرد و هەردەچوینە سەر خەڵك و پارەمان وەردەگرت، بەڵام ئێمە مایكمان پێیە و لەگەڵ هەستی ئێوەدا دەدوێین، ئەوانەی لە نزیكی مننن دەزانن كە غەدرێكی زۆر لە من كرا لەو بابەتەدا". 

وتیشی" دواجار سوپاسی لایەنە ئەمنییەكان دەكەم كە بابەتەكەیان پشتراستكردەوە، مرۆڤ كە دەژی دڵڕەش و ناحەزی بۆ دروستدەبێت، بەڵام من ئێوەم هەیە".

پەیامەکەی شاباز لە كاتێكدایە، ڕۆژی ١٠ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو هەواڵی دەستگیركردنی ناوبراو لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە "بە تۆمەتی هەڵكوتانە سەر ماڵی خەڵك و پارە وەرگرتن لە كچان و هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت" لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، بەڵام بە فەرمی هیچ زانیارییەکی لەسەر ڕووداوەکە بڵاونەكردەوە.

شاباز زەمانی ساڵی (١٩٩٠) لە سلێمانی لە دایكبووە، ماوەی چەند ساڵێكە دەستی بە ئەنجامدانی كاری هونەری كردووە و خاوەنی چەند كلیپێكە پێشتر زیاتر لە شەوە ئاھەنگ و کۆنسێرتەکان بەرھەمە ھونەرییەکانی پێشکەش دەکرد، هەروەها بۆ یەکەمین جاریشە بەشداری لە فیلمێکی سینەمایی دەکات.


PM:12:51:07/01/2023