وەزیری دەرەوەی نەرویج دۆسیەی کرێکاری لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ عێراق

وەزیری دەرەوەی نەرویج دۆسیەی مەلا کرێکاری لەگەڵ خۆیدا هێناوە تا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق‌و کورد تاوتوێی بکات.

وەزیری دەرەوەی نەرویج بۆرگە برێندە کە حیزبەکەی حکومەت بەڕێوەدەبات و رۆژی ٢٧ ی ئاب لە بەغدا بوو دواتریش هاتە کوردستان و لەگەڵ بارزانی‌و سەرکردە کوردەکان کۆبووەوە، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی (ڤێ گێ) ی نەرویجی وتی " لە سەردانەکەمدا بۆ بەغداد باسی دۆسییەی کرێکارم  لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداد کرددوەو گوێیان بۆ گرتووم" .

ئەو بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە کە عێراق و کوردەکان بەشێوەیەک تەماشای کرێکار دەکەن کە سەرچاوەی هەڕەشەیە لە ناوچەکەدا کە گیرۆدەی کێشەی گەورە بۆتەوە.

هەروەها وتووشیەتی "دەبێ ناردنەوەی کرێکار بۆ عێراق بە پێی ئەو ڕێسا و یاسایانە بێت کە نەرویج پابەندە پێیانەوە و، ئێمە نامانەوێ کەسێک ڕادەست بکەینەوە کە ژیانی بکەوێتە مەترسی لەسێدارەدانەوە".

ئەو پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە حوکمی زیندانیکردنی مەلا کرێکار خەریکە نزیک دەبێتەوە لەکۆتایی و حکومەتی نەرویج دەیەوێت رێگایەک بدۆزێتەوە تا ناوبراو رادەستی حکومەتی عێراق بکاتەوە، ئەمەش لەلایەن خێزانەکەیەوە بە توندی رەتیدکەنەوە، خالید برای کرێکار کە دانیشتووی نەرویجە بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی وتووە " ئێمە لەو باوەڕەدا نین کە حکومەتی ئێستای نەرویج بتوانێت مامۆستا کرێکار ڕەوانەی عێراق بکاتەوە. هەروەها ستەمێکی گەورەیە باس لەوە بکرێت کە مامۆستا کرێکار لە زیندانی نەرویجەوە بگوازرێتە بۆ زیندانێکی عێراق".
 
خالید لەپەیجی دووربینیش بڵاویکردۆتەوە کە" مامۆستا کرێکار لەمێژە وتویەتی کە ئەو ئامادەیە ئازادانە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام چونکە ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە ناتوانێت ئەو هەنگاوە بنێت و، حکومەتی نەرویجیش هیچ کارێکی لەو بارەیەوە نەکردوە. ئێمە دەزانین مامۆستا کرێکار قوربانیی بەرژەوەندییەکانی نەرویجە لە عێراق و زیندانییەکی سیاسییە لە نەرویج" .



AM:10:21:27/08/2014