لە شارێکی باکوری کوردستان چوار كەسی خەڵكی دهۆك لە ئۆتۆمبێلەكەیاندا كوژران

‌دیمەنی شوێنی ڕووداوەکە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە شارێکی سەر بە پارێزگای مێردین لە باکوری کوردستان چوار كەسی خەڵكی دهۆك لە ناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا كوژران.

بەپێی زانیارییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە شاری نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکوری کوردستان، دەستڕێژی گولـلە لە پێنج هاوڵاتی هەرێمی کوردستان کرا.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی ڕووداوەکەوە چوار کەس لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندارکراوە، هاوکات لە ئێستاشدا بریندارەکە بەهۆی سەخت برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی مێردین کراوە.

قوربانییەکان بە گولـلەی دەمانچە لە سەریان دراوە، بەڵام تائێستادا هیچ زانیارییەک دەربارەی هۆكاری پەلاماردانەكە ئاشکرا نەکراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیان لەسەر ڕووداوەکە بڵاونەکردوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەو خێزانە کوردە دانیشتووی پارێزگای دهۆکن و بە ئۆتۆمبێلی خۆیان چوونەتە تورکیا.


AM:08:19:19/01/2023