سودانی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ ماکرۆن ڕاگەیاند

سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژی لە نێوان بەغدا و پاریس، لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ڕاگەیاند.

لەمبارەیەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمشەو لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند" لەگەڵ ئیمانیۆڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕێککەوتننامەی هاوبەشی ستراتیژیمان واژۆکرد، کە نەخشە ڕێگایەک بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا دادەنێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد" بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان، له‌پێناو هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ کە گەرەنتی بەدیهێنانی عێراق دەکات بۆ چاکسازی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام، وەک ئەوەی لە بەرنامەی پەسەندکراوی حکومەتدا هاتووە". 

دوێنێ پێنج شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە سەردانێکی فەرمی یەک ڕۆژە و بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومەت گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا. 


AM:12:01:27/01/2023