"رەنگە نرخی 100 دۆلار بگاتە 200 هەزار دینار"


پەرلەمانتارێكی عێراق‌ پێشبینی‌ دەكات نرخی‌ 100 دۆلار لە بازاڕەكانی‌ عێراقدا بگاتە 200 هەزار دیناری‌ عێراقی‌.

محەمەد ئەلخالیدی،‌ سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ بەیارق ئەلخەیر بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە، قەیرانی‌ دۆلار تازە نییە و دەرەنجامی‌ نەبوونی‌ دیدگا و سیاسەتێكی‌ داراییە لە وڵاتدا كە پێش رووداوەكان بكەوێت و ستراتیژیەتێكی‌ گشتگیر بۆ بارودۆخی‌ بازاڕەكان لە كاتی‌ قەیرانەكاندا دابنێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، نرخی‌ دۆلار دانابەزێت و قۆناغ بە قۆناغ بەرز دەبێتەوە بۆ 200 هەزار و ملیۆنان عێراقی‌ كە لەژێر هێڵی‌ هەژارییەوەن لەگەڵ‌ خۆی‌ دەهاڕێت، گەر بردنەدەرەوەی‌ دۆلار بە قاچاغی‌ رانەگرن و خەرجییەكانی‌ هاوردەكردن كەم نەكەنەوە لەرێی‌ پێداچوونەوەیەكی‌ گشتگیر كە بەقاچاغبردنی‌ قەدەغە بكات.

محەمەد ئەلخالیدی‌ وتویەتی "فەرمانگە داراییەكان ئەو راستییە باش دەزانن كە چەندین ساڵە بەشێوازی‌ جیاجیا دۆلار بە قاچاغ دەبرێتە دەرەوەی‌ وڵات".

ماوەی زیاتر لە مانگێكە دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و ئێستا نرخی 100 دۆلار نزیكەی 162 هەزار دینارە.



PM:09:32:28/01/2023