سەبارەت بە دانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە سلێمانی، روونكردنەوە دەدرێت


بەرپرسێكی هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە دەرەوەی شاری سلێمانی ٢٢٥ كامێرای خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت و لە ناوشاردا ئەو سیستەمە جێبەجێ ناكرێت.

بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی لە بەرنامەی (تاوتوێ)ی ئێن ئاڕ تی رایگەیاندووە، كامێراكانی تیژرەوی خاڵ بۆ خاڵ بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ و بە گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكە و لە رێگاكانی دەرەوەی شاری سلێمانی ٢٢٥ كامێرا دادەنرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، دانانی ئەم كامێرانە لە دەرەوەی شار بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و كەمكردنەوەی رێژەی حاڵەتەكانی گیانلەدەستدان و برینداربوون لە رووداوەكانی هاتووچۆیە و ئەم بڕیارەش سەیر نییە و لە زۆربەی وڵاتان كەرتی تایبەت بەشداری لە پرۆسەی حكومی دەكات.

هەروەها وتویەتی، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی تەنها لایەنی جێبەجێكارە و ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ ئاڕاستەی دەكات جێبەجێی دەكات و هیچ زانیارییەكی نییە سەبارەت بەوەی كە ئایا داهاتی پەیداكراو لە كامێراكانی تیژڕەوی بۆ خزمەتی هاوڵاتی بەكاردەهێنرێت یاخود نا.



PM:10:46:28/01/2023