"دادگای فیدراڵی بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەکاردەهێنرێت"

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆ درێژکراوە) ڕایدەگەیەنێت" دادگای باڵای فیدراڵی بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق". 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوەوە، لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک و ئەندامانی شاندی هەرێم بەرنامەی دانوستانی حکومەتی هەرێمیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو بە ئامانجی پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، هەروەها ئاڕاستەی شاندی دانوستانکار کرا کە سەردانی بەغدا بکەن و کۆبوونەوەکان دەستپێبکەنەوە.

ئەوەش هاتووە" سەرۆک وەزیران، وێڕای دوپاتکردنەوەی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستور و رێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و کارنامەی وەزاری کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان و شاندی هەرێم بووە ئەنجامی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بۆیە چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵین پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان". 

ڕاشیگەیاند" دادگای باڵای ئیتیحادی بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرۆک وەزیران، هیوای خواست پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ بە زوترین کات پەسەند بکرێت و ماف و شایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکرێت".

لە بڕگەی دووەمی بەرنامەی کاردا، ئەنجوومەنی وەزیران باسی لە پرسی دراوی بانکی لە هەرێمی کوردستان کرد، وە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ دیاریکردنی سەرنج و تێبینیەکان تا دواتر بڕیاری پێویست لەم بارەیەوە بدرێت. 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لە بڕگەی سێیەمدا، چارەسەرکردنی کێشەی دەستەبەری بانکی (خطاب ضمان)ی پڕۆژە وەستاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و گفتوگۆی پێویستی لە بارەوە کراو لەمڕوەوە، چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە خرانەڕو و پەسەند کران". 


PM:03:19:01/02/2023