لەسەر ڤینسیۆس داواکاری گشتی ئیسپانیا رێککاری توند دەگرێتەبەر

لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی ئەو لافیتە و بووکەڵەی کە هاندەرانی ئەتلەتیکۆ مەدرید هەڵیانواسیوە بۆ هێرشکردنە سەر ڕیال مەدرید و ڤینیسیۆس جونیۆر بەردەوامە.

 داواکاری گشتی ئیسپانیا بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە لە لافیتە و بووکە شووشە هەڵواسراوەکەی ڤینیسیۆس جونیۆری بەڕازیلی، کە لەلایەن هاندەرانی ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە پێش یاریی دێربی جامی پاشا بەرزکرایەوە.

 ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ڕیال مەدرید لە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ڕووبەڕووی یانەی ئەتلەتیکۆی ڕکابەرەکەی بووەوە، دوای ئەوەی یارییەکەی بۆ کاتی زیادە درێژکردەوە، توانی بە ئەنجامی 3-1 سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

 بەڵام کەش و هەوای پێش یارییەکە زۆر گرژ بوو لە نێوان هەردوو تیپەکەدا، بەهۆی ئەو هێرشەی کە ڤینیسیۆس جونیۆری بە تایبەتی کردە ئامانج.

 تۆڕی "کادینا سێر"ی ئیسپانی پشتڕاستیکردەوە کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە ڕووداوی لافیتە و بووکە شووشە هەڵواسراوەکە لەلایەن زیاتر لە کەسێکەوە ئەنجامدراوە، ئەگەری هەیە لەلایەن گروپێکی چوار بۆ شەش کەسییەوە بێت.


 لێکۆڵەران خەریکی شیکاری ئەو شتانەن کە دەرهێنراون، جگە لەوەش تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان کە بە ناوچەکەدا تێپەڕیون بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت لە هەوڵێکدا بۆ ناسینەوەی تاوانباران.

 


PM:08:22:01/02/2023