لە ساڵرۆژی جەنگی ئۆكرانیا یەکێتی ئەوروپا پەیامێکی بڵاوکردەوە

لە ساڵڕۆژی جەنگی ئۆکرانیا سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت" بەردەوام دەبین لە چەسپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیا". 

ئۆرسێلا ڤۆندێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ئەمڕۆ هەینی لە ساڵیادی شەڕی ئۆکرانیا پەیامێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" ساڵێک لە دەستدرێژی دڕندانەی رووسیا، ساڵێک لە بەرگری و بەرخۆدانی ئۆکرانییەکان، ساڵێک یەکگرتووی وڵاتانی ئەوروپا و ساڵێک شەڕکردن لەپێناو ئازادی و دیموکراسی". 

هەر لە پەیامەکەیدا سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا جەختیکردەەوە، بەردەوام دەبن لە چەسپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیا و هاوکاری زیاتری ئۆکرانیا دەکەن لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە.

هەر ئەمڕۆ وەک پشتگیری و رێزگرتن لە قوربیانیانی جەنگەکە و هاوڵاتییانی ئۆکرانیا لە سەرجەم دام و دەزگاکانی یەکێتی ئەوروپا ئاڵای ئەو وڵاتە هەڵکرا. 

لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا زیاتر لە حه‌وت هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە و ١٢ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیاتر لە هه‌شت ملیۆن ئۆکرانیش ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان بوون. 


PM:02:43:24/02/2023