بانكی ناوەندی چەند رێنماییەكی دیكەی بۆ دابەزینی نرخی دۆلار راگەیاند


پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت، پێنج رێكاری نوێیان لەپێناو سەقامگیركردنی نرخی دۆلار دەركردووە و ئاماژەی بەوەشكردووە، هیچ هاوڵاتییەك ناتوانێت بەشێوەی نەختینەیی لە ١٠ هەزار دۆلار زیاتر بباتە دەرەوەی وڵات.

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە، پێنج رێكاری نوێیان بەمەبەستی سەقامگیركردنی نرخی دۆلار دەركردووە، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ئەمنی و خاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕ و كڕین و فرۆشتن لە دراوی بیانیدا باس لە رێگاكانی هەماهەنگی و رێكارەكانی نێوان بانكی ناوەندی و دەزگا پەیوەندیدارەكان و دیاریكردنی رۆڵ و ئەركەكان لەژێر رۆشنایی رێنماییەكانی فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان دەكەن.

بەپێی لێدوانی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، رێنماییەكان بریتین لە:

یەكەم: بانكی ناوەندی تاكە لایەنە كە بەرپرسیارە لە چاودێریكردن و پشكنینی بانكەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن و دامەزراوە داراییە نابانكییەكان كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە و لەچوارچێوەی یاساكانی بانكەكەدا مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە.

دووەم: گواستنەوەی پارەی نەختینەیی بە (دینار و دۆلار) و هەردراوێكی دیكە لەناوخۆی عێراق رێگەپێدراوە بۆ هەمو و ئەوكەسانەی بەیاسایی كاردەكەن لەوانەش بانكەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و كۆمپانیاكانی نێوەندگیری لەكڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی و لقەكانیان لەسەرجەم پارێزگاكاندا.

سێیەم: بە ئامانجی رێگریكردن لە بردنە دەرەوەی پارەی نەختینەیی بۆ دەرەوەی وڵات زیاتر لە ١٠ هەزار دۆلار رێگە پێنەدراوە كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دیاریكراوە، لایەنە ئەمنییەكان راسپێردراون پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلەكانی سەرسنوورەكان بكەن ئەمەش لەپێناو رێگریكردن لە بەقاچاخبردنی پارە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەهەماهەنگی لەگەڵ بانكی ناوەندیدا.

چوارەم: ئەو بڕە پارانەی لە بانك و كۆمپانیاكانەوە دەنێردرێت بۆ لقەكانیان لەگەڵ بەڵگەنامەكانی لایەنی نێردەر كە وردەكارییەكانی نێردەر و بۆنێردرا و نیشاندەدەن، هەروەها لە بازگەكانی كۆنترۆڵی دەرەكی لەسەر داواكاری پێشكەش دەكرێن و لە ئەگەری گومان یان پێویستی پشتڕاستكردنەوە لەرێگەی ئەم ژمارانەوە پەیوەندی بە بەشی كۆنترۆڵی بانكی لە بانكی ناوەندی دەكرێت كە ئەمانەن (٠٧٧٢١١١١٤١٨ ، ٠٧٨٠٩٢٢٤٦٦٣، ٠٧٨٥٣٣٣٠٥٥٥).

پێنجەم: بانك و كۆمپانیاكان پێویستە بانكی ناوەندی ئاگادار بكەنەوە لە هەر ئەگەرێك و تووشبوونیان بە رێكارەكان و سەردانی پشكنەران یان دەستوەردان لە كارەكانیان لەلایەن كەسانی نابەرپرسەوە.



PM:02:55:25/02/2023