قوباد تاڵەبانی تۆمەتبارانی هێرشكردنە سەر غالیب محەمەدی ئازادكردووە


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (درێژكراوە) تۆمەتبارانی هێرشكردنە سەر غالیب محەمەد، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقی ئازاد كردووە كە دوو ساڵ لەمەوبەر هێرشكرایە سەری.

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك كە دەست (سپی) كەوتووە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم (درێژكراوە) دوی هێرشكردنە سەر غالیب محەمەد، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق و دەستگیركردنی تۆمەتباران، دەستبەجێ داوای لە بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی كردووە تۆمەتباران ئازاد بكات.


پوختەی ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوە

یەكەم: ئەم تاوانە بەشێوازی تاوانی رێكخراو ئەنجامدراوە و لەلایەن دەزگای ئەمنی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان (پاراستن) بە مەرامێكی سیاسی ئەنجامدراوە.

دووەم: دەستگیركردنی هەر سێ تۆمەتبار بە فەرمانی دادوەر ئەنجامدراوە و بۆ ئازادكردنیان دەبوایە تەنیا دادوەر بڕیاریان بۆ دەربكات.

سێیەم: بەڕێز سەرۆكی دەزگای ئاساشی هەرێم كە بەرپرسی راستەوخۆی دەزگای ئاسایشە و لەبەر هەستیاری كەیسەكە نەدەبوایە رەزامەندی ئازادكردنی ئەم تۆمەتبارانە دەربكات.

چوارەم: بڕیاری ئازادكردنی ئەم تۆمەتبارانە لەلایەن (كاك قوباد) دەرچووە، كە بەپێی یاسا بەركارەكان لەدەسەڵاتی ئەودا نەبووە و تەنیا لەدەسەڵاتی دادوەری دادای لێكۆڵینەوەیە.

پێنجەم: گەر لیكۆڵینەوەكان بەردەوام بونایە بواری بەدەستكەوتنی زانیاری زیاتر لەم كەیسە و كەیسی تری هاوشێوە زیاتر دەبوو.

شەشەم: ئەم كەیسە و لەم بارودۆخە هەستیارەدا لەنێو جەماوەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەتایبەتی و لەنێو كۆمەڵانی خەكی كوردستان بەگشتی زیانێكی زۆری بە یەكێتی گەیاند كە دەبوو ئەم كەیسە ببێتە دەستكەوتێكی گەورە بۆ یەكێتی، بۆیە لیژنەكەمان پێشنیار دەكات كە رێكاری پێویست دژی سەرپێچیكاران بگیرێتبەر بۆ ئەوەی جارێكی تر ئەم دیاردانە دووبارە نەبنەوە.  




PM:11:16:26/02/2023