پەکەکە: ئەو کەسەی تورکیا دەڵێت دەستگیرمانکردووە پەکەکە نییە و ماوەی دوو ساڵە لە دهۆک دەژی

ئەمڕۆ ئاژانسی فەرمی تورکیا ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە کە ئەندامێکی دیاری پەکەکەیان لە سلێمانییەوە ڕفاندووە، پەکەکە دەڵێت" ئەو کەسە دوو ساڵە لە دهۆک دەژی و خۆی ڕادەستی تورکیا کردووە". 

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پەکەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی میدیای) ڕاگەیاند" لە ساڵی (٢٠٢٠)ەوە لە هێرشێکی تورکیادا بۆ ناوچەی زاب ڕەمەزان گونەش ناسراو بە (شۆڕش) خۆی ڕادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و لە ڕیزەکانی پەکەکەدا نەماوە و ئێمە بە خائین ناوزەندی ئەکەین". 

لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی" ڕەمەزان گونەش ماوەی دوو ساڵە لە سنووری پارێزگای دهۆک دەژی و ژیانی هاوسەری پێکهێناوەو دوو مانگ پێش ئێستا خۆی ڕادەستی تورکیا کردووە". 

لەبارەی هۆکاری وروژاندنی ئەم بابەتە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی تورکیاوە سەرچاوەکەی پەکەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە شەڕی سایکۆلۆژییە کە دەزگا "سیخوڕییەکانی تورکیا" لەگەڵ گەلی کورددا پیادەی دەکەن، لەو دوو ساڵە لە دهۆک دەژی، نەک لە سلێمانی و لە ناو پەکەکەشدا نەماوە. 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ئاژانسی ئەنادۆڵی فەرمی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا لە شاری سلێمانی، ڕەمەزان گونەش ناسراو بە (شۆڕش) کە ئەندامێكی پەکەکەیە دەستگیراوە و گواستراوەتەوە بۆ تورکیا".


PM:01:14:28/02/2023