پەرلەمانتارێکی کورد دژی قەدەغەکردنی مەی دەوەستێتەوە


پەرلەمانتاری کورد، شەریف سلێمانی عەلی لە راگەیاندنێکدا دژی قەدەغەکردنی مەی دروستکردن و فرۆشتن و کڕینی کە بەم دواییە لە عێراق دراوە، وەستایەو دەڵێت " ئەمە دژی دەستوری عێراقە".

شەریف سلێمانی عەلی لە راگەیاندێکدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو بڕیارە دژی دەستوری عێراقە، مادەکانی دوو و سێ و پانزەو حەڤدە و چەند مادەیەکی تری دەستور.

هەروەها لە راگەیاندنەکەدا هاتووە، مەسەلەی مەی پرسێکی کەسی و پەیوەندی بە ئازادیەکان و دیمکراسیەوە هەیە، ئەوە لە کاتێکدا کە عێراق وڵاتێکی فرە نەتەوەو ئاین و تایفە و کەلتوورەکانە.

دەشڵێت " عێراق هەر لە دروستبوونیەوە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون دامەزراوە، پێچەوانەی ئەمەش دژی رێبازی دەوڵەتەو لەلایەن گەلی عێراقەوە رەتدەکرێتەوە".

پەرلەمانتارەکە داوا لە دادگای فیدراڵی دەکات کە بە دەم ئەو داوایانەوە بچێت و ئەم بڕیارە رەتبکاتەوە، هەروەها حکومەت بیر لە ئەلتەرناتیڤ بکاتەوەو پەرلەمانی عێراقیش بە ئەرکی خۆی هەستێت بەرامبەر بەرژوەندیەکانی گەلی عێراق و بڕیارێک بدات کە پشت بە دەستور بوەستێت.

پەرلەمانتار، شەریف سلێمانی کوردەو سەر بە فراکسیۆنی پارتییە، هەندێک لە پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی شیعەی سەر بە ئێرانیش دژی ئەم بەیاننامەیە وەستانەتەوەو شۆخی پێدەکەن. 



PM:04:31:28/02/2023