بافڵ تاڵەبانی: بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بەرتەسككردنەوەی ئازادی نین


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئەگەر لە هەر جێگایەكی دیكەی هەوڵێك هەبێت بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی، ئەوا ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵیدا نین".

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ بەشێك لە نوسەران و ئەدیبانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە و بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی، لە كۆبونەوەكەدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند "كورد خاوەنی میراتێكی دەوڵەمەندی ئەدەبی و رۆشنبیرییە و مێژوویەكی درەوشاوەمان هەیە لەو بوارەدا، نوسەرانی كورد و بەرهەمەكانیان لەسەر ئاستی جیهان پێشوازییان لێدەكرێت و ئەمەش جێگەی شانازیی ئێمەیە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "مێژوی یەكێتی دەوڵەمەندە بە چەندین نوسەر و ئەدیبی ناسراو كە جێدەستیان لەناو حزبەكەدا دیارە و خەباتی بێوچانیان لەپێناو كوردستاندا كردوە، بەهەمان شێوە حزبەكەش پاڵپشت و پشتیوانێكی گەورەی نوسەران و ئەدیبان بووە، بەردەوام لەگەڵ پتەوكردنی پایەكانی دیموكراسی و بیری ئازاددا بووین".



بافڵ تاڵەبانی وتویەتی "ئەگەر لە هەر جێگایەكی تر هەوڵێكی لەوشێوەیە هەبێت بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی، ئەوا ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵیدا نین و هیوادارم لەوە زیاتر روخساری هەرێمەكان لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشرین نەكرێت"  .



PM:07:10:28/02/2023