کۆمەڵی دادگەری پەرلەمانتارێکی خۆی لە حیزب دەرکرد

 لەبەرئەوەی عوسمان کانی کوردەیی وەک ئەندام پەرلەمانی کوردستان ماوەتەوەو دەستی لەکارنەكێشاوەتەوە، کۆمەڵی دادگەری لە ریزەکانی خۆی دەرکرد.

لە راگەیاندراوێکدا کە دەست ماڵپەڕی " سپی " کراوە، کۆمەڵی دادگەری دەڵێت " لەبەر پابەندنەبوونی عوسمان عەلی سمایل ناسراو بە عوسمان کانی کوردەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەسەر لیستی کۆمەڵی دادگەریی، بە سیاسەتی کۆمەڵ و گرێبەستی کاری پەرلەمانی و بڕیارەکانی فراکسیۆنەوە.بڕیارماندا بەدورخستنەوەی لە ڕیزەکانی کۆمەڵی دادگەری."

لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان عوسمان کانی کوردەی وتی " من ٢٥ ساڵ لە وەزارەتی ئەوقاف کارم کرد لەسەر قسەی هەق دەرکرام".

هەروەها وتیشی" لەسەر هەق و پابەندبوون و بەو سوێنەی خواردوومە و، پێم حەرام بووە مانگانە ٨ ملیۆن دینار پارە وەرگرم لەپەرلەمان و دەوام نەکەم، بۆیە بڕیاری مانەوەم لە پەرلەمان داو، حیزبەکەم دەریان کردم". 

ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان پرسی دەستلەکارکێشانەوەی ٧ ئەندام پەرلەمانی لە لیستە جیاجیاکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو گۆڕان دەخاتە دەنگدانەوە، تا بڕیاری لەسەر بدرێت.



PM:01:00:01/03/2023