لێدوانی پارێزگاری دهۆك لەسەر رووداوی هێرشكردنە سەر پزیشكەكەی دهۆك


د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك رایدەگەیەنێت، رووداوی هێرشكردنە سەر پزیشكەكە باسی كێشەی نێوان خۆی و كەسانێكی دیكەیە و دادگا یەكلایی دەكاتەوە.

پارێزگاری دهۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، ئەو بابەتەی ڕوویداوە، بابەتێكی كۆنە و هیچ پەیوەندی بە كار و پیشەی هیچ كەسێكەوە نییە، نە پەیوەندی بە هیچ بەرپرسێكی پێشمەرگەوە هەیە و نە پەیوەندیی بە هیچ پزیشكێشەوە هەیە، بابەتی مامەڵەیەك بووە لە نێوان چەند كەسێكدا كە لە ئەنجامی ئەو مامەڵەیە هەندێك كێشەی پارە و قەرز و بابەتی دیكە هاتووەتە ئاراوە.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی كێشە كەوتووەتە نێوانیانەوە لەبری ئەوەی پەنا ببەنە بەر یاسا و لە ڕێی دادگاوە كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بەداخەوە پەنایان بردووەتە بەر لێدان و كوتان و ئەوەش بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت، بۆیە ئەم بابەتە لە ڕێی دادگا و یاساوە چارەسەر دەكرێت و هیچ كەسێكیش لە دەرەوەی یاساوە نابێت.

شەوی رابردوو پزیشكێكی شاری دهۆك رایگەیاند، لەلایەن فەرماندەیەكی سەربازی و كوڕەكەی و پاسەوانەكانی هێرشكراوەتەسەری و داوای "سەرانە"یان لێدەكەن.



PM:05:19:04/03/2023