نرخی لیرەی تورکی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٩ی ئازاری ٢٠٢٣ نرخی لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی نزمترین ئاستی تۆمار کرد.

ئاژانسەکانی جیهان بڵاویانکردەوە، ئه‌مڕۆ لیره‌ی توركی ئاستێكی‌ پێوانه‌ی له‌ دابه‌زین تۆماركرد به‌ جۆرێك نرخی یه‌ك دۆلاری ئه‌مریكی گەیشتە (١٨.٩٦٢٠) لیرە. 

ئەمەش لە كاتێكدایە كە وەبەرهێنەران هەوڵدەدەن كاریگەری ئابووری بومەلەرزە گەورەكەی مانگی ڕابردوو لە وڵاتەكەدا تاوتوێ‌ بکەن. 

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کە بڕیارە لە ڕۆژی ١٤ی ئایاری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، هێندەی تر گومانی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە کە دەیانەوێت بزانن ئایا ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لەو سیاسەتانەی کە لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیادا پەیڕەوی دەکرد، یان گۆڕانکاری نوێ دەکرێت وەک ئۆپۆزسیۆن بەڵێنیداوە. 

هەروەها وەزارەتی خەزێنەی توركیا ڕایگەیاند" (٢.٢٥) ملیار دۆلاری قەرز كردووە كە دەبێت تا ساڵی (٢٠٢٩) بیداتەوە، بەوشێوەیە بڕی قەرزكراو لە بازاڕە نێودەوڵەتییەكان لە مساڵدا دەگاتە پێنج ملیار دۆلار". 

ڕۆژی سێ‌ شەممەی ڕابردووش نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندبوو، ئەو بومەلەرزەی لە ٦ی مانگی ڕابردوو توركیا و سوریای گرتەوە زیانەكانی تەنیا لە توركیادا (١٠٠) ملیار دۆلاریان تێپەڕاندووە.

نرخی لیرەی تورکی لە ساڵی (٢٠٢٢)دا نزیکەی لەسەدا (٣٠)ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەستدا و لە ساڵی پێشووشدا بەڕێژەی لەسەدا (٤٤) بەهاکەی لەدەستدا.


PM:10:33:09/03/2023