بزوتنەوەى ئیسلامى شوێنى پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی یەکگرتوو دەگرنەوە

بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاریدا کاندیدە دەرنەچووەکانیان لە بری ئەو کەسانەی لە پەرلەمانی کوردستان دەستیان لە کارکێشاوەتەوە بنێرنە پەرلەمان.

کەمێک پێش ئێستا ژمارەیەک بەرپرسی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند" دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆبوونەوەکان، سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بڕیاریدا لە شوێنی پەرلەمانتارانی دەست لەکارکێشاوی یەکگرتووی ئیسلامی کاندیدەکانمان بنێرینە پەرلەمانی کوردستان". 

دەشڵێن" وەک لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان درێژە بە کارەکانمان دەدەین". 

هەر ئەمڕۆ عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح په‌رله‌مانتارى ده‌ستله‌كاركێشاوەی په‌رله‌مانى كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا په‌یامێكى ئاراسته‌ى بزوتنه‌وه‌ و یه‌كگرتووى ئیسلامى كرد و ڕایگەیاند" هیوادارم ئەو پێنج کادیرەی (یەکگرتوی ئیسلامی‌ و بزوتنەوەی ئیسلامی) وەک پەرلەمانتار سوێند نەخۆن".

وتیشی" لە شوێنی ئەو پێنج پەرلەمانتارەی یەکگرتوی ئیسلامی کە دەستیان لەکارکێشایەوە، پێنج کەس دیکە بڕیارە سبەی سوێند بخۆن، دوو کەسیان یەکگرتوی ئیسلامیە (حسین عوسمان‌ و ئیسلام سەعدی)و سێ کەسیان بزوتنەوەی ئیسلامیە (عەبدوڵڵا حەسەن‌ و لەیلا عەلی‌ و بێریوان عەلی)".

ئاماژەی بەوەشکردبوو" دەستبەرداربونی ئەو پێنج پەرلەمانتارە بەهۆی ئەوە بووە پەرلەمان بە نایاسایی درێژکراوەتەوە، ئێستا پێنج پەرلەمانتاری دیکەی هەمان لیست دەستبەکار دەبنەوە، پاش ماوەیەکی کەم خانەنشین دەبن، پەرلەمانی کوردستان، ئەرکی نەماوە، تەنها ڕێکاری پرۆسەی هەڵبژاردنە، ئەوەش قەراری لێدەدات ڕێککەوتنی پارتی‌ و یەکێتیە، بەهۆی ئەو دۆخەی پەرلەمان، ئەم کەسانە ناتوانن لە پرۆسەی پەرلەمانیدا هیچ پێشکەشبکەن کەواتە بۆ سوێند دەخۆن".


PM:03:20:14/03/2023