مەسرور بارزانی لە نەورۆزدا پەیامی بۆ یەکێتی دەبێت



ئەمڕۆ شەممە ١٨ ی ئازار سەرۆکی ( ماوە بۆدرێژکراوی هەرێم ) مەسرور بارزانی راگەیاند" لە نەورۆزدا لەدوای دوو رۆژی دیکە کە ساڵی نوێیە، راگەیەندراوێکم دەبێت و لەو راگەیەندراوەمدا ئاماژە بەوە دەکەم کە پێمان باشە جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بکەنە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان".
 
ئێوارەی رۆژی شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان( ماوە بۆ درێژکراوە) لەگەڵ ٤٠ باڵیۆز و ٨٣ نوێنەری وڵاتان، ئاهەنگی یادەکانی ئادار و نەورۆز و سەری ساڵی کوردیان لە چیای کۆڕەک پێکەوە کرد. لەو دایدارە مەسرور بارزانی وتی" لە دوایین کۆبوونەوەشم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، رێککەتووین کێشە و جیاوازییەکانمان بگۆڕین بۆ دەرفەت، زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەین و پلان دابنێین، بزانین چۆن بەرەو پێشەوە بڕۆین و هەماهەنگی بکەین.

راشیگەیاند، زۆر گەشبینم دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین. ئیتر ئەو کێشانە لەبارەی بودجە یان یاسای نەوت و غاز و ئاسایش و چەندین بواری دیکە کە دەتوانین پێکەوە کار بکەین و خزمەتی هەموو عێراق بکەین.

لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ئێمە لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەتایبەتی لەم بۆنەیەدا کە دوای دوو رۆژی دیکە ساڵی نوێیە، راگەیەندراوێکم دەبێت و لەو راگەیەندراوەمدا ئاماژە بەوە دەکەم کە پێمان باشە".

لەبارەی نیەتی خۆشیەوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ یەکێتی وتی" "دەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین ئەگەر نیەت و خواستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەمان هەبێت، بەدڵنیاییەوە دەتوانم پێتان بڵێم من ئەو نیەت و خواستەم هەیە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان".



PM:10:54:18/03/2023