لە سلێمانی چەند شەقامێکى سەرەکى دادەخرێن

لە ئاگادارییەکدا هاتووچۆى سلێمانى شۆفێران و هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە کە سبەینێ دووشەممە دوو شەقامى سەرەکى دادەخرێن.

بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى سلێمانى لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" سبەینێ لە کاتژمێر (٩:٠٠)ی بەیانی بەهۆی چالاکییەکانی ئین سلێمانی و ئەنجامدانی ماراسۆنێکی نێودەوڵەتی لە شەقامی مەلیک مەحمود، شەقامەکە بۆ ماوەیەکی کاتی بەربەست دەکرێت، کە خاڵی دەستپێک لە بەردەم نەخۆشخانەی هەرێم دەبێت تا خاڵی کۆتایی کە دەکاتە ناو پارکی هەواری شار، تەواو بوونی ماراسۆنەکە شەقامەکە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی چالاکییەکانی نەورۆزەوە شەقامی سالم لە بەردەم باخی گشتی بۆ پردی خەسرەو خاڵ  لە کاتژمێر (١٢:٠٠) ی نیوەڕۆی سبەینێ بەربەست دەکرێت و تا کۆتایی هاتنی ئاهەنگ و فیستیڤاڵی نەورۆز لەو رۆژەدا ئەو شەقامە بەربەست دەکرێت و بۆ رۆژی دواتر دووبارە شەقامەکە بە ڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە، لە سەیرانگای دووکانیش لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەو بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ئوتومبیلی بارهەڵگر قەدەغەیە بچێتە ناو سنووری سەیرانگای دووکان.


PM:01:06:19/03/2023