"دۆسیەی چوار هه‌زار و ١٨٩ فەرمانبەر و خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکرێت"

دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" دۆسیەی چوار هه‌زار و ١٨٩ فەرمانبەر و خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات". 

وەزارەتى دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ روونكردنه‌ویه‌ه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌" بەپێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە لیستی فەرمانبەران و خانەنشینان کە ژمارەیان  دە هەزار و هەشت سەد و نۆزدە مووچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمارکراون". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی یەکلایی کردنەوەی ناوی ئەو مووچەخۆرانەی کە دوو مووچەیان هەیە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند، لە کۆی ( ١٠٨١٩ ) دە هەزار و هەشت سەد و نۆزدە دۆسیەی دوو مووچەی، دەرکەوت کە (٤١٨٩) چوار هەزار و سەد و هەشتا و نۆ دۆسیەیان بە نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە بەپێی ڕیزبەندی.  

وەزارەتى دارایی و ئابوری هەرێم لە ڕوونکردنەوەکەدا دەشڵێت" هەزار و ٩٧٣ کەس بە نایاسایی دوو موچەی خانەنشینیان وەرگرتوە، هەزار و ٨٤٩ کەس بە نایاسایی دوو موچەی فەرمانبەری و خانەشینیان وەرگرتوە، هه‌روه‌ها (٣٦٧) کەس بە نایاسایی دوو موچەی فەرمانبەریان وەرگرتوە". 

ئەوەش هاتووە" دۆسیەی سەرجەم ئەو مووچە خۆرە نایاساییانە بە داتاو زانیاری تەواو ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەکرێت تا لە ڕێگای دەستەکانیانەوە ووردبینی لە ڕێکارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە مووچانە بکەن کە لە دوای (٢٠٢٠/٧/١) بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە، پێویستە بە زوترین کات لێیان وەربگیرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی". 


PM:04:19:19/03/2023