نوسەر و هونەرمەندێکی ناوداری عێراقی کۆچی دوایی کرد

نوسەر و هونەرمەندی ناوداری عێراقی عەبدولڕەحمان مەجید روبەیعی کۆچی دوایی کرد. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەندیکای هونەرمەندانی تونس، دوێنێ دووشەممە عەبدولڕەحمان مەجید روبەیعیی رۆماننووس، شاعیر، نووسەر و هونەرمەندی شێوەكاری دیاری عێراق، بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

عەبدولڕەحمان مەجید روبەیعی لە ١٢ی ئابی ساڵی ١٩٣٩ لە شاری ناسریەی باشووری عێراق لەدایکبووە، لە قوتابخانەی شا فەیسەڵ لە ناسریە خوێندویەتی، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغداد بووە، دواتر بەشی شێوەکاری ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی لە بەغداد تەواوکردووە. 
 
لە ماوەی ژیانیدا لە لوبنان و تونس کاری وانەوتنەوە و ڕۆژنامەگەری و کاری دیپلۆماسی کردووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٥ ڕاوێژکاری ڕۆژنامەوانی عێراقی بووە لە بەیروت، لە قوتابخانەکانی ناسریە وانەی هونەری دەگوتەوە، هەروەها وەک بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیری عێراقی لە بەیروت و تونس کاری کردووە.
 
ڕوبەیعی ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (الحیات الثقافیە) بووە کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری تونسەوە دەردەچێت. 

لە ساڵی ١٩٦٦ەوە عەبدولڕەحمان روبەیعی دەستی بە بڵاوكردنەوەی بەرهەمە شیعری و ئەدەبییەكانی كردووە و ناسراوە بەوەی دەستێكی باڵای لە نوێگەری چیرۆكی عێراقیدا هەبووە، سەرباری عێراق، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبییش ناوبانگی پەیداكردبوو.

ئەو ئەدیب و نووسەرە عێراقییە خاوەنی دەیان رۆمان و كۆمەڵە شیعرە، لەوانە تاتـۆ (١٩٧٢)، رووبارەكان (١٩٧٤)، ژنێك بۆ هەموو ساڵەكان (١٩٨٥)، مانگ و پەرژینەكان (١٩٧٤)، ئاگرێك بۆ زستانی دڵ، چاوانێك لە خەودا، ژنێك لێرەوە، مۆڵگە، یادەوەری شار و چەندین بەرهەمی دیكە.


AM:09:03:21/03/2023